محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی سەردانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم دەکات و هەردوولا باسیان لە پەیڕەوکردنی پرەنسیپی “حکومەتی بەنۆرە” (تەدویر) لە بەڕێوەبردنی پۆستەکاندا کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، لە چوارچێوەی دیدار و کۆبوونەوە سیاسییە بەردەوامەکانی نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا، سەردانی محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم کرد.
لە دیدارەکەدا هەردوولا کۆی بارودۆخی سیاسی وڵات و ئەو گفتوگۆیە بەردەوامانەیان تاوتوێ کرد کە ئامانجیان تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانە، هەروەها جەختیان لە گرنگی خێراکردنی یەکلاکردنەوەی مەلەفی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کردەوە وەک هەنگاوێکی بنەڕەتی بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی.
هەروەها کۆبوونەوەکە مەلەفی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووکی گرتەوە، کە تێیدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنی پرەنسیپی “حکومەتی بەنۆرە” (تەدویر) لە بەڕێوەبردنی پۆستەکاندا کردەوە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی بپارێزێت و سەقامگیری لە پارێزگاکەدا بەهێزتر بکات.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەخت لە گرنگی کارکردنی هاوبەش کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە کەرکووک، و پشتگیریکردنی هەوڵەکانی گەشەپێدان لە کەرتە جیاوازەکاندا، بە جۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەرێنی هەبێت لەسەر بارودۆخی ئابووری و بژێوی دانیشتووانی پارێزگاکە.