سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی دەداتە ھاووڵاتییان کە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەوپەڕی پیشەیی و بێلایەنییەوە بەڕێوەدەچێت.
حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا وتی: “لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و، لێرەوە ھەموو لایەک لە ھاوپەیمانی و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکان دڵنیا دەکەینەوە کە کۆمیسیۆن ڕێگای زۆر تۆکمە و بەھێزی داناوە کە گرەنتی ھەڵبژاردنێک دەکات کە بەوپەڕی پیشەیی و بێلایەنییەوە بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و بە یەک دووری دەوەستێت بەرامبەر ھەموو لایەنەکان”.
حاکم عومەر ئەحمەد وتیشی: “ئەم ڕێکارانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دانراوە، ڕێگریی لە ھەموو جۆرە دەستوەردانێک دەکات کە کاریگەری بکاتە سەر دەنگدەر و، بە دڵنیاییەوە دەنگەکانییان پارێزراوە، ھەروەھا لە چەند پڕۆسەیەکی جیاوازدا، بەبەرچاوی یۆنامی و لایەنە سیاسییەکانەوە تاقیکردنەوە بە ئامێرەکان کراوە و ھەموو تاقیکردنەوەکان سەرکەوتووبوون”.
سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق جەختی لەوەشکردەوە کە کۆمیسیۆن گرێبەستێکی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکان کردووە بۆ بابەتی پشکنینی سۆفتوێر و پڕۆگرامەکان، ئەوەیشی خستەڕوو کە کۆمیسیۆن چارەسەری ھەر جۆرە گرفتێکی ھونەری کردووە و ڕێکاری پێویستی دەستنیشانکردووە بە مەبەستی گرنگی زیاتر بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێک پاک و بێگەرد لەبارەی جیاکردنەوەی دەنگەکان و بەراوردکردن لە نێوان ژماردنی بەدەست و ژماردنی ئەلیکترۆنی.
لەبارەی ڕاگەیاندراوەکەی لیژنەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرپەرشتیی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق وتی: “کۆمیسیۆن خاوەن ئەزموونێکی باشە، لە ڕابردوودا چەند ھەڵبژاردنێکی دیکەی بەڕێوەبردووە، بۆیە ھەموو خەڵک دڵنیا دەکەینەوە کە بەوپەڕی بێلایەنییەوە ڕێکارەکانی خۆمان ئەنجام دەدەین”.