هەندێک لە داواکاریی دانیشتووانی کفری جێبەجێ دەکرێت

هەندێک لە داواکاریی دانیشتووانی کفری جێبەجێ دەکرێت

ته‌مموز 18, 2023 22:24
هەندێک لە داواکاریی دانیشتووانی کفری جێبەجێ دەکرێت
0

لایک

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم رەزامەندیی دراوە لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە کفری؛ لە دیارترینیان دابینکردنی 300 ملیۆن دینارە بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانە لە سنوورەکە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی داواکاریی خۆپێشاندەرانی کفری رایگەیاند، مەسرور بارزانی رەزامەندی لەسەر ژمارەیەک پڕۆژە داوە کە لەنێویاندا چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوەی قەزاکە و کێشەی تەندروستیی شارەکە هەن.

وتەبێژی حکومەت دەڵێت، هەموو پڕۆژەکان بەشێوەی کاش پارەیان بۆ تەرخان کراوە و راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێن، لیژنەیەک لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راسپێردراوە و راستەوخۆ چاودێریی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەکات.

بەوتەی پێشەوا هەورامانی، ئەو پڕۆژانەی کە جێبەجێ دەکرێن ئەمانەن:

– دابینکردنی 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانە لە کفری

 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگەی جەلال مەسۆیی تەرخان دەکرێت

 24 تیپی میلـلی تەواوی پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت

سێ ئەمبوڵانس پارەیان بۆ تەرخان کراوە و رەوانەی کفری دەکرێن

  5 بیری ئاوی خواردنەوە لە شارەکەدا لێدەدرێن کە بۆ هەریەکێک لە بیرەکان 80 ملیۆن دینار تەرخانکراوە

مۆڵەت بە ژمارەیەک پڕۆژە دەدرێت کە یەکێک لەوانە کارگەی گەچە

چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان هەن و هەموو کارەکانیان بە خێرایی لە ئەنجوومەنی وەزیران جێبەجێ دەکرێن

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم رەزامەندی دابوو لەسەر ئەوەی کە شارەوانیی کفری لە پلە دووەوە بکرێتە پلە یەک.

یەکێک لە داواکاریی خەڵکی کفری رێگەپێدانی ژمارەیەک کارگە بوو لە شارەکەدا بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، لەوبارەیەوە وتەبێژی حکومەت وتی، رێگە بە دروستکردنی کارگەیەکی گەچ دەدرێت و کۆمپانیایەکی نێوخۆیی هەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی و حکومەت هەموو کارئاسانییەکی بۆ دەکات.

هەندێکی دیکە لە داواکاریی خۆپێشاندەران کارگێڕین، پێشەوا هەورامانی وتی، ئەوە دەبێ وەزارەتەکان کاری لەسەر بکەن.وتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا هەموو وەزارەتەکان ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەکەن کە داواکاریی خەڵکی سنوورەکە بووە.

En az 10 karakter gerekli