لە وتاری زمانی تورکمانی، ژمارەی هاووڵاتییانی تورکمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت..!
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • لە وتاری زمانی تورکمانی، ژمارەی هاووڵاتییانی تورکمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت..!

لە وتاری زمانی تورکمانی، ژمارەی هاووڵاتییانی تورکمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت..!

نزیکەی ٨ ساڵە مزگەوتێک لەشاری هەولێر(ئەربیل) تەرخانکراوە بۆ وتاردان بە زمانی تورکمانی، بەڵام رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتیانی تورکمان لە وتاری هەینی مزگەوتەکە بەجۆرێک کەمە کە ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەر ناکات.

حوزه‌یران 12, 2023 14:08
لە وتاری زمانی تورکمانی، ژمارەی هاووڵاتییانی تورکمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێت..!
0

لایک

مزگەوتی کورەچییان لەگەڕەکی تەعجیلی شاری هەولێر، لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە وەک یەکەم مزگەوتی شاری هەولێر تەرخانکراوە بۆهاووڵاتییانی تورکمان لەشارەکە کە لەپاڵ زمانی کوردی و عەرەبی بە زمانی تورکمانیش وتار بخوێندرێت، لەسەرەتای جێبەجێکردنی بڕیارەکە هاووڵاتییەکی زۆری تورکمان لە رۆژانی هەینی و رۆژانی جەژن بەشدارییان لە مەڕاسیمە ئاینییەکان دەکرد، تەنانەت زۆربەیان بەجلی نەتەوەیی تایبەت بە نەتەوەکەیان پەرستشە ئاینییەکانیان بەرز رادەگرت و سیمایەکی جوانیان بە مزگەوتەکە بەخشی بوو. بەڵام دوواتر پەیتا پەیتا رێژەی هاووڵاتییانی تورکمان لە مزگەوتەکە کەمی کرد و لە ئێستادا گەیشتۆتە حاڵەتێک کە هیچ سیامیێکی مزگەوتێکی تایبەت بە تورکمانانی لێ بەدی ناکرێت.

وەک رۆژنامەی تەبا لەژمارەی ئەم جارەی رۆژنامەکە، هەڵساین بە ئامادەکردنی هەواڵێکی بنکۆڵکاری لەبارەی ئەم دۆخەی کە مزگەوتەکە تێیکەوتووە و راو بۆچوونی بەرپرس و مامۆستای ئاینیی مزگەوتەکە و هاووڵاتییانمان وەرگرت.

وەک لایەنی یەکەم قسەمان لەگەڵ ئازاد کورەچی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لەسەر پێکهاتەی تورکمان کرد، باسی لە سەرەتای درووستبوونی بیرۆکەی زیاد کردنی زمانی تورکمانی بۆ وتاری هەینی کرد و وتی، “سەرەتا دەمەوێ بڵیم بەڕاستی بابەتێکی زۆر هەستیارتان هەڵبژاردووە سووپاستان دەکەم کە لە رێگای ئێوەوە هاووڵاتیانمان بە ئاگا بێنەوە و هەست بە بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ئەو مافانە بکەن کە پێیان دراوە . ئەگەر بێینە سەر سەرەتای دەستپێکردنی وتاردان بە زمانی تورکمانی لەهەولێر؛ دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥، ئەوکاتەی بوومە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە ساڵی ٢٠١٤ بیرمان لەوەکردەوە کە هەندێک کار بکەین بۆ نەتەوەکەمان کە بمێنێتەوە؛ یەکێک لەو کارانەی کە کردمان زمانی تورکیمان بۆ تابلۆی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر زیاد کرد و تائێستاش ماوە، دوواتر بیرمان لەوەکردەوە کە بۆچی لەهەولێر هیچ شوێنێک بە زمانی تورکمانی وتاری لێ ناخوێندرێت؟، چوونکە ئەو کاتە بە هەردوو زمانەکانی کوردی و عەرەبی لە مزگەوتەکان وتار دەخوێندرا، بۆیە ئەو کات بەیارمەتی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و هەروەها نەوزاد هادی، پارێزگاری ئەو کاتی هەولێر تاوتوێی بابەتی زیادکردنی وتاردان بە زمانی تورکمانی لە مزگەوتێکی شاری هەولێر کرد و پارێزگاری هەولێر پێمی وت وتاربێژ و مزگەوتێک بدۆزنەوە و دەست بەوتاری تورکمانی بکەن، ئێمەش مامۆستا وشیارمان دۆزییە و مزگەوتی کورەچییانمان دیاریکرد، بەم جۆرە لەساڵی  ٢٠١٥ـەوە وتاردان بەزمانی تورکمانی لە مزگەوتی کورەچییان دەستیپێکرد و تائێشتاش بەردەوامە”.

ئازاد کورەچی لەبارەی هۆکاری کەمی رێژەی هاووڵاتی تورکمان لە مزگەوتەوەکە ئاماژەی بەوەکرد، “یەکەم هەینیی کە وتاردان بە زمانی تورکمانی لە مزگەوتی کورەچییان دەستیپێکرد، هاووڵاتییەکی بێشوماری تورکمان بەشدارییان لە وتارەکە کرد، بەجۆرێک زیاتر لە سەدا ٩٥ـی بەشدرابووان تورکمان بوون، بەڵام زۆر بەداخەوە دوواتر هەفتە بە هەفتە رێژەی بەشداربووانی تورکمان لە وتارەکە کەمیدەکرد، لە ئێستدا بە جۆرێکە کە بە پەنجەی دەست ژمارەی هاووڵاتیانی تورکمان لە مزگەوتی کورەچییان دەژمێردرێت، زۆرێک لە تورکمانەکان دەڵێن کە هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەرێتە کە مزگەوتەکە دوورە لێیانەوە بۆیە بەشداری ناکەن، بەڕاستی ئەمە هۆکارێک نییە کە بەشدار نەبن لە وتاری تورکمانی، خۆی لەخۆیدا لەهەفتەی یەک جار وتار هەیە و با لەو هەفتەیەش تەنها یەک کاتژمێر تەرخان بکەن بۆ بەشداریکردن لەگەڵ هاوزمانی خۆیان لە وتاری هەینی”.

لەبەردەوامی قسەکانیدا ئازاد کورەچی رایگەیاند، “ئەگەر لە ئێستادا هیچ مزگەوتێک تەرخان نەکرابا کە بە زمانی تورکمانی وتار بخوێندرێت هەموویان دەیان ووت؛ ‘هیچ مزگەوتێک بۆ ئێمە تەرخان نەکراوە کە بە زمانی خۆمان گوێمان لە وتاری هەینی بێت، بەرپرسان هیچ هەوڵێک بۆ نەتەوەکەیان نادەن’، لە ئێستادا مزگەوتەکە هەیە بەڵام بەشداری ناکەن، زۆرێکی دیکە بەهانەیان ئەوەیە کە دەڵێن شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە مزگەوتەکە نییە بۆیە ناچینە ئەم مزگەوتە، بەڵام لە ئێستدا پارکێکی گەورەی ئۆتۆمبێل لە تەنیشت مزگەوتەکە بوونی هەیە، بەڵام دووبارە بەشداری نییە لەلایەن تورکمانەکانەو، پێم سەیرە بەڕاستی لە وتاری هەینی بەزمانی تورکمانی وتار دەرێت، بەڵام لە مزگەوتەکە تورکمان بوونی لێ نییە. مزگەوتەکە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر نزیکە کە لە سەدا ٥٠ـی بازاڕەکە تورکمانن با هیچ نەبێت ١٠٠ کەس لەمانە بەشدار بن لە وتارەکە”.

ئازاد کورەچی گلەیی لە هاووڵاتییانی تورکمان کرد کە خۆیان بە خاوەنی مافەکانیان نازانن کە پێیان دراوە و وتیشی، “تەنها مزگەوت نییە، لەقوتابخانە تورکماننییەکانیشماندا بەهەمان شێوە

رێژەی قوتابی تورکمان کەمە، لە ئێستدا چەندین قوتابخانەی تورکمانی بوونی هەیە، بەڵام خانەوادە تورکمانەکان منداڵەکانی خۆیان لە قوتابخانە تورکمانییەکان ناونووس ناکەن، بەڕاستی ئێمە خاوەندارییەتی مافەکانمان ناکەین، قوتابخانە بە زمانی خۆمان بوونی هەیە بەو زمانە ناخوێنین. وتاردان بە زمانی شیرینی خۆمان هەیە بەشدار نابین، کەلتووری جوانی خۆمان هەیە بەڵام خاوەندارییەتی ناکەین بەداخەوە، بەڕاستی ئەگەر داوای هۆکارێک لەمن دەکەی کە بۆچی هاووڵاتی تورکمان بەشداری لە وتارێک ناکات کە بەزمانی خۆی دەوترێت، لەلای من هیچ هۆکارێک و بەهانەیەک نییە تەنها ئەوەیە خاوەندارییەتی مافەکانی خۆمان ناکەین”.

ئازاد کورەچی مژدەی ئەوەی راگەیاند کە مزگەوتێکی دیکە لەشاری هەولێر تایبەت دەکرێت بە وتاردان بەزمانی تورکمانی و ئاماژەی بەوەدا، “بەهانەی زۆرێک لەو کەسانەی کە بەشداری لە مزگەوتی کورەچییان ناکەن ئەوەیە کە دەڵێن ‘دەبێت لەو گەرەکانەی کە تورکمان تیایدا چڕینەیە وتاردان بەزمانی تورکمانی هەبێت، مزگەوتی کورەچییان گەرەکێکی گونجاو نییە و دوورە لەشوێنانەی کە تورکمانی لێیە’، بۆیە  هەر لەم چاوپێکەوتنەدا دەمەوێت رابگەیەنم کە رێگاپیدانی مزگەوتێکی دیکەشمان وەرگرتووە کە بەزمانی تورکمانی وتار بخوێندرێت، مزگەوتی شافیعی-ـمان دیاریکردووە و رێگاپێدانیشمان وەرگرتووە کە وەک دووەم مزگەوت لە شاری هەولێر دەست بکرێت بەوتاردان تیایدا بەزمانی تورکمانی. وەکو ئاشکرایە کە مزگەوتەکە دەکەوێتەوە گەرەکی زانیاری و گەرەکێکە کە چڕی دانیشتوانەکەی تورکمانە. بۆ دەستپێکردنی وتاری تورکمانی لە مزگەوتی شافیعی تەنها رێکارە کارگێرییەکان ماوە و لەنزیگرین کاتدا زمانی تورکمانی لە وتاری هەینی مزگەوتی شافیعی زیاد دەکرێت و مامۆستای ئاینیش ئامادەیە بۆ وتاردان، لەم دووو سێ هەفتەیەی ئایندە وتاردان بە زمانی تورکمانی دەستپیدەکات”.

لەکۆتایی قسەکانیدا ئازاد کورەچی باسی لەبابەتی زیادکردنی زمانی تورکمانی لە قەڵای هەولێر کرد و ئاماژەی بەوەکرد، “زۆرێک لەخەڵکی داوامان لێدەکەن وەکو بەرپرسێکی تورکمان کە مزگەوتی قەڵای هەولێر دیاریبکرێت بۆ ئەوەی زمانی تورکمانی لە وتارەکانی زیاد بکرێت، ئێمە زۆر هەوڵمان داوە بەڵام خاوەندارییەتی مزگەوتەکە لەلایەن بنەماڵەیەکی شاری هەولێر دەکرێت ئەوان رێگا نادەن بەهیچ جۆرێک دەستکاری شێوازی وتاردانەکە بکرێت و مانی تورکمانی لە وتارەکە زیاد بکرێت”.

لایەنێکی دیکە کە وەک رۆژنامەی تەبا قسەمان لەگەڵ کرد مامۆستا وشیار حەیدەر، وتاربێژی مزگەوتی کورەچییان بوو کە نابراو لەسەرەتای جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە زمانی تورکمانی لە مزگەوتەکە وتار دەدات و باسی لە سەرەتای خوێندنەوەی وتار بەزمانی تورکمانی کرد و وتی، “لەم مزگەوتە لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە نزیکەی ٨ ساڵە بە زمانی تورکمانی وتاری هەینی دەخوێندرێت. ئێمە لە کاتی خۆیدا زۆر دڵمان خۆشبوو بە دەستپێکردنی خوێندەوەی وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی. بە هەر حاڵێک بێ هاتین بۆ ئەم مزگەوتە و هەر چەندە بچووکیش بێت بەڵام بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەستمان بە یەکەم وتاری هەینی کرد و خەڵکێکی زۆری تورکمان رووی لەم مزگەوتە کرد. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات رێژەی بەشداربووان کەمبووەوە، بە تایبەت لە سەردەمی پەتای کۆرۆناوە ئیترکەس نەدەهات”.

مامۆستا وشیار حەیدەر نیگەرانییەکانی خۆی لە کەمی رێژەی هاووڵاتی تورکمان لەمزگەوتەکە راگەیاند و وتی، “لە ئێستا دا ئەوانەی دێن بۆ مزگەوتەکە یان برا کوردەکانن یانیش برا عەرەبەکان. هەروەها لەم نزیکانە برا بەنگەلادیشییەکانمان رێژەیان زۆرە و ئەوان زیاتر بەژداری وتاری هەینی ئێمە دەکەن. سوپاس بۆ خوا مزگەوتەکەمان پر دەبێت، هەر چەندە ٤ نەتەوەی جیاواز لەگەڵ ئێمەن و هەموویان برای ئێمەن، بەڵام دڵگرانین بەوەی کە برا تورکمانەکانمان لێرە زۆر کەمن. بێگومان زۆرینەی خەڵک هۆکارێکی دۆزیوەتەوە کە بەشدار نەبێت لە وتارەکە، بەشێکییان دەڵین شوێنی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵام لێرە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل هەیە و دەتوانێت لەوێ ئۆتۆمبێل رابگرێت. هەندێکیش هۆکاری بەشدارینەکردنییان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە دەڵێن رێگامان دوورە بۆ مزگەوت. هەندێک جار دەیبینین کە هەندێک کەس بۆ وتاری هەینی لە دوور ماڵی خۆی دەچێتە مزگەوتێکی تر، بەڵام نایەتە مزگەوتێک کە بەزمانی خۆی وتار تیایدا دەخوێنرێت. ئێمە بە برا تورکمانەکانمان ناڵێین هەموو هەفتەیەک وەرن بۆ ئەم مزگەوتە، بەڵام هەر نەبێ ٢-٣ هەفتە جارێک بێن بۆ ئەوەی یەکتر ببینن و شاد ببینەوە و دڵمان خۆشدەبێت کە لە وتاری هەینی بە زمانی تورکمانی دا برا تورکمانەکانمان ببینین.”

لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا وشیار حەیدەر رووی دەمی کردە بەرپرسان رایگەیاند، “گلەیی لە بەرپرسەکانیشمان دەکەم کەوا نایێن بۆ لامان، هاتنی ئەوان زۆر باش دەبێت چونکە خەڵکەکە سەیری ئەوان دەکەن. هەر بەرپرسێک بێت بە لایەنی کەم ٣ کەسی تر لەگەڵ خۆی دەهێنێت. بەڵام گەر ئەوان بەشدار نەبن لە وتار بەزمانی خۆیان ئەی چۆن خەڵکی تر بێن.  هاوکات پێشتر هەندێک بەرپرس هەبوو کە دەهاتن بۆ مزگەوتەکەمان بەڵام ئێستا نایێن. ئێمە گومانمان لە نیشتمانپەروەری ئەوان نییە، بەڵام گەر رێژەی تورکمان زۆر بێ لە مزگەوتەکەمان دا دەتوانین هەنگاوی زیاتر بنێین وەکو ئەوەی بیکەینە ٢ مزگەوت یان ٣ مزگەوت. بەڵام کە سەیری بارودۆخەکە دەکەین وەکو ئەوە نیە کە ئارەزومان دەکرد”.

وەک رۆژنامەی تەبا ئامانجان بوو راو بۆچوونی لایەنێکی دیکە وەرگرین کە هاووڵاتیانی تورکمانە، پرسیارمان لێیان کرد هۆکار چییە بەشدار نابن لە وتارەکان بەزمانی تورکمانی؟،  یەکێک لەو هاووڵاتیانەی کە قسەی بۆمان کرد، یەشار ئالتیبەرماغ بوو، هۆکاری بەشداری نەکردنی هاووڵاتیانی باسکرد و وتی، “لە ڕاستیدا بوونی وتارێکی هەینی بەزمانی تورکمانی شتێکی زۆر جوان و گرنگە، بەڵام شوێنی جوگرافی ئەو مزگەوتەی دیاریکراوە گرنگترە، بەڕاستی خۆتان دەزانن هەولێر گەورە بووە خەڵک زیاتر دوورکەوتۆتەوە لە سەنتەری شار، ئەو شوێنەشی کە دیاریکراوە وتاری هەینی تێدا بخوێندرێت مزگەوتی کورەچییانە کە کەوتۆتە ناو سەنتەری شارەوە، بۆیە کەمێک زەحمەتە لە شوێنی دوور بێی بۆ سەنتەری شار بۆ بەشداریکردن لە وتارەکە ، بۆیە ئەگەر بێتوو شوێنی دیکەش زیاد بکرێت لە دەورووبەری هەولێر یان لە شوێنە جیاوازەکانی هەولێر، ئەوە بێگومان خەڵک لەو مزگەوتانە بەشدار دەبن. ئەگەر من باسی خۆم بکەم ماڵم لە سەنتەری شار دوورە چەندین هەفتە بەشدار بووم لە وتاری هەینی مزگەوتی کورەچییان، بەڵام راستییەکەی هەموو کات ناتوانی بەشدار بی لەبەر ئەم هۆکارەی کە باسم کرد”.

هاووڵاتییەکی دیکەی تورکمان بەناوی محیەددین ساڵح: لەبارەی هۆکارەکانی بەشدرای نەکردنی هاووڵاتیان وتی، “سەیری رابردوو بکەین هاووڵاتیانی تورکمان هەموویان لە شوێنێک یان زۆر نزیک لەیەکتر دەژیان، بۆیە هەموویان لە چەند مزگەوتێکی دیاریکراو کۆدەبوونەوە و بەشدارییان لە مەڕاسیمە ئاینییەکان دەکرد، بەڵام لە ئێستادا هەر بنەماڵەیەک کەوتۆتە لایەکی هەولێر. لەبارەی مزگەوتی کوورەچییان من چەند هەفتەیەک بەشداریم کرد لە وتارەکە، سەرەڕای ئەوەی ماڵم زۆر دوورە لە مزگەوتەکە، کە دەهاتم دەمبینی رێژەی هاووڵاتیانی تورکمان زۆر زۆر کەمە و ئەمەش بۆمن لەگەڵ مزگەوتێکی لای ماڵی خۆم جیاوازی نەبوو، بۆیە چیدیکە نەهاتمە مزگەوتەکە، ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی رێژەی تورکمان کەم بێت لە مزگەوتەکە. دەمەوێت باسی چارەسەریشت بۆ بکەم بۆ ئەم کێشەیە کە ئەوەیە؛ ئەگەر بەرپرسانی ئێمە یاخود سەرمایەدارانی ئێمە پێکەوە پلانێک دابنێن کە مزگەوتێکی مۆدێرن دروست بکەن شایستە بێت بە ناوی تورکمان، ناوی مزگەوتەکەش بۆ نموونە مزگەوتی ‘سوڵتان موزەفەرەددین’ بنێنن، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی مزگەوتەکە دیار بێت لەلای هەموو تورکمانەکان و زۆربەی هاووڵاتیانی تورکمان بێگوومان بن بەشدار دەبن و لەو مزگەوتە کۆدەبنەوە”.

هاوکات عومەر چاوشلی کە هاووڵاتییەکی دیکەی تورکمانە لەقسەکانیدا لەبارەی کەمی رێژەی تورکمان لە وتارەکە رایگەیاند، “مزگەوتەکە لە گەڕەکی تەعجیلە و گەڕەکەکە مایەی شانازی ئێمەیە، ئەم گەڕەکە کە دیارە لەرابردوودا هاوڵاتییەکی بێ شوماری تورکمان تێیدا ژیاون، بەڵام لە ئێستادا ئەم گەڕەکە دەتوانم بڵێم هیچ تورکمانێکی لێنەماوە، خۆشتان دەزانن جوگرافیایی ئەو شوێنە نزیکە لەبازاڕی قەیسەری و هەڵکەوتەی شوێنەکە زۆر کرێکار و کاسبکاری بیانی لێیە و تەنها ئەم مزگەوتە لەم شوێنە بوونی هەیە، بۆیە بەهۆی زۆری رێژەی بەشداریکردنی ئەوان شوێن لە مزگەوتەکە نامێنێت،  بەداخەوە مزگەوتێکییان دیاریکردووە بۆ ئەم بابەتە زۆر بچووکە و شوێنی هاووڵاتییەکی کەمی لێدەبێتەوە، هەندێک جار بەشدار دەبووم لە وتاری هەینی مزگەوتی کورەچییان بەڵام تا دەگەیشتمە مزگەوتەکە شوێن نەدەما، بۆیە ئەگەر هاتوو لە شوێنێکی دیکە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت زۆر باش دەبێت و رێژەی بەشدار بووانی تورکمانیش زۆر دەبێت، بەبۆچوونی من ئەگەر دەیانەوێت شوێنێکی شیاو بۆ وتاردان بەزمانی تورکمانی دیاری بکەن پێویستە مزگەوتی قەڵای هەولێر بۆ ئەم بابەتە دیاری بکرێت”.

مستەفا مەلا بەکر کورەچی، کە بانگبێژ و قورئانی خوێنی مزگەوتی کورەچییانە، بەم جۆرە باسی لەهۆکاری کەمی رێژەی تورکمان کرد لە مزگەوتەکە، “لەڕاستیدا ئەوەی لەخەڵکم گوێ لێبووە کە باسیان لە هۆکاری بەشداری نەکردنییان لە وتاری هەینی مزگەوتی کورەچییان باسکردووە، بۆ ئەوە دەیگەڕێننەوە کە ‘وتارەکە بە سێ زمانی جیاواز دەدرێت، زمانی تورکمانی، کوردی، عەرەبی، ئەمەش وا دەکات ماوەی وتارەکە زۆر درێژ بێت’، خۆشتان دەزانن شوێنی مزگەوتەکە دەکەوێتە سەنتەری شار ئەو تورکمانانەی دێن بۆمزگەوتەکە لە شوێنی دوور دێن بۆ مزگەوتەکە ئەمەش وادەکات ماوەیەکی زۆرییان پێ بچێت لە وتاری هەینیی، بۆیە هەر کەسەو دەچێتە مزگەوتی نزیک لە ماڵی خۆی، هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کەمووکوری هەیە لە مزگەوتەکە گەر بێتوو نۆژەن بکرێتەوە و کەمووکورییەکان پر بکرێت، بێگوومان جیاوازی دەبێت لەگەڵ ئێستا. هۆکارێکی دیکەش کە زۆربەیان ئەم قسەیە دەکەن، ‘شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل لە مزگەوتەکە نییە’ ئەمەش کێشەیە بۆیان، ئەمانەی باسم کرد بەگشتی ئەو هۆکارانەن کەهاووڵاتی تورکمان نایەن بۆ مزگەوتەکە.

En az 10 karakter gerekli