ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی ئاداری ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەوتووەتە ناو تێرمیناڵی فڕۆکەخانەی ناهچیڤان، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دیکەش لە نێزیک بینای قوتابخانەیەک لە گوندی شەکراباد کەوتووەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە ئێران دەکەین لە ماوەیەکی کورتدا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم بابەتە بدات، لێدوانی پێویست بدات و ڕێکاری بەپەلە و پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی ئازەربایجان مافی وەڵامدانەوەی گونجاو بۆ خۆی دەپارێزێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕاشیگەیاند، موجتەبا دەرمیشیلۆ، باڵیۆزی نائاسایی و خاوەن دەسەڵاتی تەواوی ئێران لە ئازەربایجان، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کراوە. ناڕەزایەتییەکی توند دەگەیەنرێتە لایەنی ئێرانی و تێبینییەکی فەرمی ناڕەزایەتی پێشکەش دەکرێت.