محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی کرد و ڕایگەیاند کە ئەم کارانە دەستدرێژییەکی ئاشکران بۆ سەر سەروەریی وڵات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٢ـی ئاداری ٢٠٢٦، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەئامانجگرتنی سیستماتیکی هێزە ئەمنییەکان، هەوڵێکی بێسوودە بۆ تێکەڵکردنی کارتەکان و تێکدانی ئەو ئاسایشەی کە بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتووە. جەختیشی کردەوە کە حکومەت ڕێگە نادات خاکی عێراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان یان شوێنێک بۆ سوکایەتیکردن بە شکۆی نیشتمانی.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دووپاتی کردەوە کە خوێنی جەنگاوەرەکانمان ئەمانەتە و حکومەت پابەندە بە پاراستنیان، هاوکات هاوخەمیی خۆی بۆ بنەماڵەی شەهیدان دەربڕی و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.