کۆمپانیای نەوتی سۆمۆ، ئاماری فەرمیی هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ڕابردووی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەرکەوتووە کۆی هەناردەی نەوت لەو مانگەدا زیاتر لە ١٠٧ ملیۆن بەرمیل بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، کۆمپانیای سۆمۆ لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاشکرای کرد، لە مانگی ١٢ـی ساڵی ڕابردوودا، کۆی گشتی نەوتی خاوی هەناردەکراو گەیشتووەتە ١٠٧ ملیۆن و ٦٥١ و ٦١ بەرمیل، کە ئەمەش داهاتەکەی شەش ملیار و ٣٨٨ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار و ٦١٠ دۆلار بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەو بڕە نەوتەی هەناردەکراوە، ١٠٠ ملیۆن و ٤٥٠ هەزار و ٤٨ بەرمیل لە کێڵگەکانی بەسرە بووە، هەروەها پێنج ملیۆن و ٩٩٧ هەزار و ٥٢٧ بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان-عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کراوە.
سەبارەت بە نەوتی باکوور و هەناردەی دەرەکی، سۆمۆ ڕوونی کردووەتەوە، لە کێڵگەی گەیارەوە ٩٢٣ هەزار و ٧٧٤ بەرمیل هەناردە کراوە، هەروەها بڕی ٣٠٩ هەزار ٧١٢ بەرمیل نەوت لە کەرکووکەوە بۆ وڵاتی ئوردن هەناردە کراوە.