وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ڕایگەیاند: پاش ئەوەی وەزارەتەکە مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینی دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40-50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتر دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی ئەیلوولی 2024 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان رۆژی پێنجی ئەم مانگە لە فەرمانێکی وەزاریدا ڕێگەپێدانی بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی لە بازگەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ دەرکرد و ڕۆژانە ئەو بەنزینەی دێت ڕوو لە زیادبوونە، بۆیە چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتری نرخەکان دەکرێت.
هاوکات ڕایگەیاند، پاش ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزینی دایە بازرگانان، نرخی هەر لیترێکی بەنزین 40-50 دینار دابەزیوە و چاوەڕوانیی دابەزینی زیاتر دەکرێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین بۆ زیادکردنی خستنەڕووی لە بازاڕەکانی هەرێمدا و کەمکردنەوەی نرخەکەی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و هاوردەکردنیشی پێویستە بەپێی ئەو کوالێتییەی بێت کە لە لایەن لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان و پارێزگاکان دیاری کراوە.