ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و جەخت لە بنەماکانی دەستوور دەکاتەوە لە داڕشتنی یاسای نەوت وگاز بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت وگاز لە عێراق، دەبێت ئەو پڕۆژە یاسایە بە ڕەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێم و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغداد خرایەڕو، کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنوڤ وسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێم و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت وگاز.
سەرۆک وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدڕاڵ، ماددەکانی دەستوری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت وگاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە ڕەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵیی و هەرێم و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی بایەخی هەبونی یاسای نەوت و گازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدرالی عێراق بێت وەک لە دەستوردا هاتووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕوو، کە لە بەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوە و ئامانج لێی، دەستبەکاربوونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرجبکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام وخاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری و بە گوێرەی پەیڕەوەکە.
دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەندکرد و وەزارەتی کار وکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپارد، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەیڕەوەکە.