پوتین ئاگربەست لە ئۆکرانیا رادەگەیەنێت

پوتین ئاگربەست لە ئۆکرانیا رادەگەیەنێت

ئایار 5, 2026 10:08
پوتین ئاگربەست لە ئۆکرانیا رادەگەیەنێت
0

لایک

ڕاگەیەندرا کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، بەبۆنەی “ڕۆژی سەرکەوتن” کە تێیدا یادی شکستی ئەڵمانیای نازی لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو لە جەنگی جیهانی دووەمدا دەکرێتەوە، بۆ ڕۆژانی ٨ و ٩ی ئایار ئاگربەستی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاندووە.

لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی بەرگری ڕووسیادا هاتووە، پوتین بڕیاری ئاگربەستی لە ئۆکرانیا داوە و ئاماژە بەوە کراوە: “بەگوێرەی بڕیاری فەرماندەی گشتی، بەبۆنەی ڕۆژی سەرکەوتنەوە لە ٨ و ٩ی ئایاردا ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت. هیوادارین لایەنی ئۆکرانی پابەندی ئاگربەستەکە بێت”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مۆسکۆی کردووە لە ڕۆژی ٩ی ئایاردا، جەختیش کراوەتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا ڕێکاری پێویست دەگرنە بەر بۆ دابینکردنی ئاسایش لە کاتی چالاکییەکانی ڕۆژی سەرکەوتندا.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “لە ئەگەری هەوڵدانی ئیدارەی کیێڤ بۆ جێبەجێکردنی پلانە تاوانکارییەکانی، هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا وەک وەڵامێک هێرشی مووشەکی چڕ دەکەنە سەر سەنتەری کیێڤی پایتەخت. ڕووسیا سەرەڕای هەموو تواناکانی، پێشتر لەبەر لایەنی مرۆیی لەم جۆرە کارانە دوورکەوتووەتەوە. هۆشداری دەدەینە دانیشتوانی کیێڤ و کارمەندانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییە بیانییەکان کە لە کاتی خۆیدا شارەکە جێبهێڵن”.

En az 10 karakter gerekli