سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، گرنگە بژارە بۆ گەلى سووریا بەجێبهێڵدرێت بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتى هەبێت بۆ پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سووریا و فرە رەنگییەکەى.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، چاودێریی رووداوەکانى سووریا دەکەن و هیواى زۆریان هەیە بۆ ئەوەى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ پاراستنى ئاسایش و سەروەریى سووریا.
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق بەبۆنەى یادى “رۆژى سەرکەوتن” بەسەر رێکخراوی تیرۆرستی داعشدا بوو، کە ئەمڕۆ 9ى کانوونى یەکەم لە بەغدا پێشکێشى کرد.
سوودانى گوتى: “گرنگە بژارە بۆ گەلى سووریا بەجێبهێڵدرێت و رێز لە ئیرادەى ئازادیان بگیرێت لە پاڵ بەرپرسیارێتیى نێودەوڵەتى بۆ پاراستنى یەکپارچەیی خاکى سووریا و فرە رەنگییەکەى”.
هاوکات رۆژی سێشەممە، 10ى کانوونى یەکەمی 2024، حەوت ساڵ بەسەر سەرکەوتنى عێراق بەسەر رێکخراوى تیرۆرستی داعش تێپەڕ دەبێت، لەو رۆژەدا شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا لە دەستی رێکخراوەکە دەرهێندرا.
سەرۆکوەزیرانى عێراق گوتى: “ئەمڕۆ تیرۆر هیچ جێ پێیەکى لەسەر خاکى عێراق نەماوە و پاشماوەکانیشیان هیچیان لە بەردەم نییە جگە لە بەزین و راکردن نەبێت لەبەردەم هێزە چەکدارەکانمان.”