ئێوارەی دوێنێ لەنێوان هاندەرانی یانەی زاخۆ و نەورۆز لە سلێمانی شەڕ و گرژی دروست بوو، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان – عێراق دەڵێت، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ “ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوە” دروستکرا و ئەمڕۆ بۆ لێکۆڵینەوە سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان – عێراق لە راگەیێندراوێکدا رۆژی سێشەممە، 22ی نیسانی 2025 ڕایگەیاند: “لە یارییەکی گەڕی 29ی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی لە نێوان یانەی وەرزشی زاخۆ و یانەی نەورۆز بەڕێوەچوو، بەداخەوە گرژی دروست بوو لە نیوان هاندەرانی هەردوو یانەکە و بووە هۆی وەستاندنی یارییەکە و برینداربوونی ژمارەیەک هاندەر.”
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، بارودۆخە نەخوازراوەکە کۆنترۆڵکراوە و هێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەنێو یاریگاکەدا بوون “بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و پاراستنی گیانی یاریزان و هاندەران.”
هەروەها هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە بە فەرمانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان – عێراق، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بڕیارە ئەمڕۆ (چوارشەممە) سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات “بۆ لێکۆڵینەوەکردن و دەرخستنی راستییەکان.”
هاوکات وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاندەرانی هەردوو یانە و هاووڵاتییان دەکات “بە رووحی وەرزشی مامەڵە بکەن” و داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات هاوکار بن لە بڵاوکردنەوەی “رۆحی وەرزشی و برایەتی کە بەشێکن لە بنەماکانی کێبڕکێی نێوان هەموو یانەکانی کوردستان و عێراق و وەرزش بە شێوەیەکی گشتی.”