نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، رایگەیاند، “کێشەی ئاومان نییە لە هەولێر، بەڵام ئەو کەمی ئاوەی کە لە چەند شوێنێک هەبوو لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارەبا کەم بوو”.
نەبەز عەبدولحەمید، لەبارەی کێشەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر (ئەربیل) لە لێدوانێکیدا بۆ تەبا رایگەیاند، “کێشەی ئاومان نییە لە هەولێر بەڵام ئەو کەمی ئاوەی کە لە چەند شوێنێک هەبوو لە چەند رۆژی رابردوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کارەبا کەم بوو. ئەگەر نا کەرتی ئاو ئیشی باشی لەسەر کراوە، گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە لەلایەن سەرۆکایەتی حکومەت، وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێرەوە”.
قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، چەندین بیری نوێ لێدراوە و چەندین کیلۆمەتر تۆڕی ئاو داندراوە لەو شوێنانەی کە پێویستن. وتیشی “ئەو بیرانەی پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەبووە یاخود پێویستیان بە قوڵایی زیاتر هەبووە بۆیان ئەنجامدراوە. بەڵام لەبەر ئەوەی هەمووی بە کارەبا کار دەکات و کە کارەبا کەم دەبێتەوە کاریگەری لەسەر ئاوەکە و رێژەی بەرهەمهێنانی ئاو دەبێت”.
نەبەز عەبدولحەمید، باس بەستنەوەی بیرەکانی ئاو بە کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات و دەڵێت، “لەرێگای ئەو لێژنانەی کە لە پارێزگا پێکهاتووە، پار ساڵ نزیکەی 180 بیر بە کارەبای مۆلیدەکان بەستران و ئێستاش 46 بیری تر دەبەسترێنەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشانە نەمێنێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە گەڕەکەکانی سەفین لە شاوێس، دارەتوو، هیران سیتی2 و گرووپی ئەندازیاران و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر، خەڵک بەهۆی نەبوونی ئاو وەکو ناڕەزاییەک گردبوونەوەیان ئەنجامدا.
هەواڵ: بارزان قاوەچی