فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە ٢٠ ساڵی رابردوودا عێراق بە چەندین بەربەستی دارایی پشکی هەرێمی کەمکردووەتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦، فەرمانگای میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕایگەیاند، داتا داراییەکانی بودجەی گشتیی عێراق لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا (٢٠٠٥-٢٠٢٥)، بوونی هەڵەیەکی گەورە و سیستماتیک دەسەلمێنن، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان-عێراقە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “حکومەتی فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی فراوانکردنی بێ پێشینەی “خەرجییە سیادییەکان” و جێبەجێکردنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی”، شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی لە مافێکی جێگیرەوە بۆ تەنها ژمارەیەک لەسەر کاغەز گۆڕیوە”.
ئەوەشی خستوڕوو، “راوانبوونی “چەقۆی سیادی” و کەمکردنەوەی پشکی هەرێم
خەرجییە سیادییەکان کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـدا تەنها لە چوارچێوەی (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری) کورت دەبووەوە، لە بودجەی ساڵانی (٢٠٢٣-٢٠٢٥)دا زیاد کراون و گەیشتوونەتە نزیکەی ٤٧.٤ ترلیۆن دیناری ساڵانە.
ڕاشیگەیاند، “ئەم گەورەبوونە لە ڕێگەی تێهەڵکێشکردنی چەندین بڕگەی قەبە وەک (تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت، بودجەی حەشدی شەعبی و قەرزەکان) بووە لەژێر ناوی “سیادی”، تەنها بۆ ئەوەی پێشوەختە و پێش گەیشتنی پارە بە هەرێم، لە پشکەکەی ببڕدرێت.
بەهۆی ئەم سیاستە، هەرێمی کوردستان ساڵانە بە بڕی ٨.٧ ترلیۆن دینار لە پشکی خۆی، بەشدارە لە دابینکردنی ئەو خەرجییانەدا”.
فەرمانگای میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ڕاشیگەیاند، لە دۆسیەی قەرزە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا، ستەمێکی دارایی ئاشکرا بەرامبەر هەرێم دەکرێت. لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان-عێراق پابەند کراوە بە دانەوەی ١.٦ ترلیۆن دینار ساڵانە وەک پشکی خۆی لە دانەوەی قەرزە سیادییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها ٦٢.٤ ملیار دینار لەو قەرزانە وەک پشک وەردەگرێت. بەمەش هەرێمی کوردستان-عێراق لە بەرامبەر هەر یەک دۆلار کە وەک قەرز وەریدەگرێت، بڕی ٢٦ دۆلار بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە دەدات کە حکومەتی فیدراڵ لە ناوچەکانی دیکەی عێراق خەرجی کردوون.
فەرمانگای میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق تیشکی خستەسەر “خەرجیی فیعلی” و سزای بەکۆمەڵ و ڕایگەیاند، حکومەتی فیدراڵ بە چەسپاندنی میکانیزمی “خەرجیی فیعلی” لەبری “تەرخانکردنی پەسەندکراو”، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستووەتەوە بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور. ئەمە سزایەکی داراییی بەکۆمەڵە، چونکە بەپێی ماددەی (١٢١/سێیەم)ی دەستوور، پشکی هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای “پێداویستی” و “ڕێژەی دانیشتووان” بێت، نەک لەسەر بنەمای ئەوەی وەزارەتەکانی بەغداد چەند پارە خەرج دەکەن. ئەم رێکارە وای کردووە هەر کاتێک پڕۆژەیەک لە شارەکانی دیکەی عێراق پەک بکەوێت، پشکی هەرێمیش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کەم بێتەوە.