وەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، “نزیكەی 300 مێگاوات كارەبا بۆ ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی گەڕایەوە و بەو هۆیەوە ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بووە.
لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی كارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆسەی چاكسازیی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای خەبات كۆتاییهات و وێستگەكە كەوتەكار و نزیكەی 300 مێگاوات كارەبای بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی گەڕایەوە و بەهۆیەوە ماوەكانی پێدانی كارەبا زیاتربووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای كوژانەوەی گشتیی كارەبا، وەزارەتی كارەبا لە رێگای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی پارێزگاكانەوە چەند ڕێوشوێنێكی بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا گرتووەتەبەر.
شایەنی باسە لە ماوەی ڕابردوودا کوژانەوەی گشتی لە تۆڕی کارەبای هەرێم ڕوویدا، وەزارەتی کارەباش هۆکارەکەی بۆ کێشەی تەکنیکی گەڕاندەوە، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ 4 کاتژمێر کەمیکرد.