حەسەن توران ڕەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت دەگرێت

حەسەن توران ڕەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت دەگرێت

ئازار 9, 2026 15:02
حەسەن توران ڕەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی حکوومەت دەگرێت
0

لایک

حەسەن توران، ڕەخنەی توندی ئاراستەی سیاسەتە ئابوورییەکانی حکومەت کرد و پرسیاری ئەوەی وروژاند کە کێ بەرپرسە لە چاکنەکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا.

ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ئاداری ٢٠٢٦، حەسەن توران، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراق لە ماڵپەری ئیکسی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی هێڵەکەی پیا تێپەڕ دەبێت لە دەستی چەتەکانی داعش، بەڵام تا ئێستا هێڵەکە چاکنەکراوەتەوە کە دەتوانرا لە ڕێگەیەوە ڕۆژانە زیاتر لە ملیۆنێک بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، هاوشێوەی توانای هەناردەکردنی ئەو هێڵە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.

توران ڕایگەیاند: “بەداخەوە ئابوورییەکەمان ئابوورییەکی ڕێعییە (تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت)؛ ئەمڕۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە وەستاوە و ئێمە دەرفەتی هەناردەکردنمان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەفیڕۆ دا، لە کاتێکدا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتووەتە سەرووی ١٠٠ دۆلار.”

لە کۆتاییدا ناوبراو پرسیاری ئەوەی کرد ئایا لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمەکان دەکرێت، یان ئەمە تەنها دووپاتکردنەوەی ئەو “ستراتیژیەتی دەرفەتە لەدەستچووانەیە” کە هەندێک لە وەزارەتەکان پەیڕەوی دەکەن و لە کۆتاییدا تەنها هاووڵاتی عێراقی باجی ئەم سیاسەتە هەڵانە دەدات.

بەندەری جەیهان ئەم هێڵە کە بە “هێڵی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا” ناسراوە، گەورەترین هێڵی هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراقە بۆ بازاڕە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە. هێڵەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکەوە دەست پێدەکات و بە ناو خاکی عێراقدا تێپەڕ دەبێت تا دەگاتە بەندەری جەیهانی تورکیا. درێژییەکەی نزیکەی ٩٧٠ کیلۆمەترە و لە دوو بۆری تەریب پێکدێت.

لە ساڵی ٢٠١٤، کاتێک ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر ڕووبەرێکی فراوانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنباردا گرت، هێڵی جەیهان کەوتە بەر شاڵاوێکی وێرانکاری گەورە.

ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش وێستگەی پەمپکردنی “IT-1″یان لە نزیک بێجی و وێستگەی “IT-2″یان لە سنووری پارێزگای نەینەوا تەقاندەوە، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی تەواوەتی هەناردەکردن لە ڕێگەی ئەم هێڵەوە.

بەشێکی زۆری بۆرییەکان لەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا بوون، یان تێکدران یان بۆ مەبەستی سەربازی و دروستکردنی سەنگەر بەکار‌هێندران.

En az 10 karakter gerekli