وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەلایەن کۆمسیۆنەکەیانەوە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، هەڵبژاردنەکانی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، چونکە جیاوازی نێوانیان یەک مانگە و ئەمەش مەحاڵە.
عیماد جەمیل، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند: بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق زەحمەتە و دەبێت جیاوازی نێوانیان نزیکەی پێنج مانگ بێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، عیماد جەمیل دەڵێت: بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەر هەڵبژاردنێک پویستی بە شەش مانگە، کە تایبەتە بە خشتەی کارەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، لەوانە ڕێوشوێنەکان، ڕاهێنان، تۆمارکردنی دەنگدەران، نوێکردنەوەی تۆمارکردن و دابەشکردنی کارتی دەنگدەران.
وتەبێژی کۆمسیۆن راشیگەیاند: کێشەکە ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکانی هەرێم هاوکات دەبێت لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، چونکە جیاوازی نێوانیان یەک مانگ دەبێت و ئەمەش مەحاڵە چونکە ئێمە پێویستمان بە ئامادەکاری لۆجستی دەبێت و لەم ماوەیەدا ناتوانرێت ئەنجام بدرێت.