باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، داوایان لە سەرکردایەتی یەکێتی کردووە بە زووترین کات هەڵبژاردن ئەنجامبدەن و چاکسازییەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە جێبەجێ بکەن.
ئالینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەژماری تویتەری خۆیەوە رایگەیاند، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆبووەتەوە و گفتوگۆیان لە بارەی دۆسیە سیاسی و ئابورییەکانەوە کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکە داوایان کردووە پابەند بن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی خولی نوێی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا و جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
پێشتریش جینین پلاسخارت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دووبارە فشاری خستەوە سەر یەکێتی و پارتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا.