وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویکردەوە، لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیاو چاڤی دەفرۆشرێت کە دەستیانبەسەرداگیراوە و ژمارەیان ٦٠ موڵکە.
یەکشەممە، ٣١ـی ئابی ٢٠٢٥، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر کۆمپانیای نالیا گەیشتووەتە نزیکەی ٩٢ ملیار دینار.
ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان-عێراق و دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە ژمارە ( ٩٠/ دەستەی شارستانی تێهەڵچوونەوە / ٢٠٢١/ ڕاستکردنەوە ) لە ٢٠-١٠-٢٠٢١ تایبەت بە یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها ئاماژە بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێکردنی دووەمی سلێمانی ژمارە ( ٢٠٢٤/٦٨٤) لە ٢٢-٩-٢٠٢٤ تایبەت بە دانانی نیشانەی گلدانەوە (حجز ) لەسەر سەرجەم موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤی.
ڕوونیشی کردەوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی، کە ژمارەیان ٦٠ موڵکە و پێکهاتووە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری. کە پێشتر دەستی بەسەر داگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سوودە کەڵەکەبووەکانی کە لەئێستادا گەیشتووەتە بڕی ( ٩١٫٧٦٠٫٥٥٫٣٥٠ ) ملیار دینار.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردووە، دواجار لەساڵی ( ٢٠٢١) دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، لەلایەن لیژنەیەکەوە چوار پارچە زەوی دانرابوو بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا بفرۆشرێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو پارچە زەویانە لە بنەڕەتدا بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری تەرخان کراوە و ناتوانرێت ڕەگەزەکانیان بگۆڕدرێت و بخرێنە زیادکردنی ئاشکراوە، وەخەمڵاندنێکی نادروست بۆ نرخەکانیان کرابوو وە ڕێگری یاسایی هەبوو بۆ فرۆشتنیان، بۆیە بەبڕیاری وەزیری دارایی و ئابووری سەرجەم پرۆسەکە ڕاگیراو جارێکی تر لەلایەن تیمێکی پسپۆڕەوە کار لەسەر دۆسیەکە کرایەوە و سەرجەم ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر.
وەزارەتی دارایی ڕاشیگەیاندووە، لەسەر داوای بانکی سلێمانی یەک، سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبوونی لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها وەزارەت بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر و داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزوومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات، دوای بڵاوبوونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجێ بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.