کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبووڵ رایگەیاند، لە دوومانگی ئەمساڵدا بە بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار کاڵایان هەناردەی 181 وڵات کردووە و زۆرترینیشیان هەناردەی عێراق کردووە.
کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبووڵ راپۆرتی هەناردەکردنی دوو مانگی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، 20 هەزار کۆمپانیای ئەندام لە کۆمەڵەی هەناردەکارانی ئیستانبوڵدا ئەندامن و لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا بە بەهای یەک ملیار و 640 ملیۆن دۆلار بەرهەمیان بۆ 181وڵات هەناردەکردووە.
لە راپۆرتەکەدا باسلەوەکراوە، بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی عێراق کراوە کە زۆرترین رێژەی هەناردەکردنە و کاڵاکانیش لە پەلەوەر و بەرهەمە ئاژەڵییەکان ودانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان و تۆوە چەورەکان بوون و لە دوای عێراقیش، ئەمریکا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و روسیا زۆرترین کاڵایان هاوردە کردووە.
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ساڵانە بڕێکی زۆر کاڵای تورکی هاوردە دەکات و یەکەمین وڵاتی هاوردەکاری تورکیایە.