وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ رایگەیاند، سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعوودیە بانگهێشتی فەرمی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران کردووە بۆ سەردانکردنی ریاز، بەڵام تائێستا وادەی سەردانەکە دیارینەکراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێران ئیرنا، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەگەری ئەوە هەیە سەرۆکی ئێران سەردانی سعوودیە بکات، دوای ئەوەی بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە پادشای سعوودیەوە پێگەیشتووە، بەڵام تائێستا وادەی ئەم سەردانە دیارینەکراوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچن و ئەم سەردانەش لە کاتێکی گونجاودا، لە چوارچێوەی ئیرادەی سیاسیی هەردوو وڵاتدا پلانی بۆ دادەنرێت.
ناسر کەنعانی ئەوەشی خستەڕو حسێن ئەمیر عەبدوللەهیان، وەزیری دەرەوە پشتڕاستی کردوەتەوە، کە “بەمزوانە سەردانی سعوودیە دەکات”، روونیشیکردوەتەوە، “کارنامەی سەردانەکەی تاوتوێکردنی پرسە جۆراوجۆرەکان، دۆسییە ناوچەیی، نێودەوڵەتی و ئابورییەکان لەخۆدەگرێت”.
مانگی ئازار ئەمساڵ، شانشینی سعوودیە و ئێران بە سەرپەرشتی چین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دوقۆڵییەکانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییەکانیان لە خاکی یەکتریدا، لە ماوەیەکدا کە زیاتر نەبێت لە دوو مانگ لەو رێکەوتەوە.