ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەچوارچێوەی ناڕەزایەتیەكان بەرامبەر بە رێگەپێدانی سوید بە سەلوان مۆمیكا بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و وێنەی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند، پشتیوانی لە رێوشوێنەكانی حكومەت دەكات، لەبەرامبەر دەركردنی باڵیۆزی سوید و بانگهێشتكردنەوەی باڵیۆزی عێراق لە ستۆكهۆڵم.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە بەرامبەر ئەوەی كە ئەمڕۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید ڕویدا، هەروەها پشتیوانی لە ڕێوشوێنەكانی حكومەت دەكات.
سەلوان مۆمیكا، توندڕەوی سویدی بە ڕەچەڵەك عێراقی لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، كۆپییەكی قورئانی پیرۆز، ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدر و وێنەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆكهۆڵم دەسوتێنێت.
لەبەرامبەریشدا، حكومەتی عێراق باڵیۆزی سوید دەردەكات و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ سوید بەتەواوی دەپچڕێنێت و رێنمایی وەزارەتی دەرەوە دەكات باڵیۆزی عێراق لە سوید بكشێنێتەوە.
وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕێنمایی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كرد بۆ كشانەوەی بەرپرسی كاروباری عێراق لە باڵیۆزخانەی كۆماری عێراق لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید.