وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی پارێزراوە و بە بەردەوامیی لە رێگەی درۆن و کامێرای حەرارییەوە چاودێری دەکرێت.
یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقى وتووە “پاراستنی سنوورەکان کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا بەتایبەت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە و بەردەوام لە رێگەی درۆنەوە چاودێری دەکرێت”.
وتیشی “لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هێزەکانی سوپای عێراق بوونیان هەیە، هەروەها دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جوڵەیەکی ‘تیرۆریستان’ دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکان، بەتوندی بەرپەرچ دەدرێنەوە”.
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان باسی لەوەشکرد، هێزەکانیان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی پێشوەختە لە دژی پاشماوەکانی تیرۆر و لەماوەی رابردووشدا شەش پێگەی داعش لە دۆڵی حۆران بۆردوومانکراون.
ئەم قسانەی یەحیا رەسوڵ لەکاتێکدایە، سێ ڕۆژە دەستەی تەحریری شام، هێرشێکی فراوانی لە ریفی حەلەب و ئیدلیب بۆ سەر سوپای سووریا دەستپێکردووە و گەیشتوونەتە دەروازەی حەلەب و چەندین گوند و شارەدێیان کۆنتڕۆڵکردووە.