شێرپەنجە: ئەو نەخۆشییە فێڵکەرەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەرەشە لە گشت تاکێک دەکات

شێرپەنجە: ئەو نەخۆشییە فێڵکەرەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەرەشە لە گشت تاکێک دەکات

حوزه‌یران 4, 2025 12:22
شێرپەنجە: ئەو نەخۆشییە فێڵکەرەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ هەرەشە لە گشت تاکێک دەکات
0

لایک

شێرپەنجە ئەو نەخۆشییەی کەبووەتە مۆتەکەی بەشێکی زۆری هاوڵاتییان لەجیهان و هەرێم. هۆکارەکانی نەخۆشییەکە، چارەسەرەکەی، زۆربوونی ڕێژەی تووشبوان بەم نەخۆشییە لەچاو رابردوو، هەموو ئەمانە و زیاتریش بووتە جێگەی نیگەرانی هاوڵاتییان.

دوای نەخۆشییەكانی دڵ، شێرپەنجە بە كوشتندەترین نەخۆشییە باوەكان لەسەرتاسەری جیهان دادەنرێت، بەشێوەیەك بەگوێرەی ئامارێكی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ساڵانە نزیكەی ٢٠ ملیۆن كەس تووشی نەخۆشیەكە دەبن و لەو رێژەیەش نزیكەی نیوە كەمترییان گیان لەدەست دەدەن.

بەرزی ڕێژەی توشبوون و گیان لەدەستدان بە نەخۆشی شێرپەنجە لەكاتێكدایە كە ناوەندە تەندروستییەكان لە جیهان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی چارەسەری نوێ بۆ نەخۆشییەكە، بەڵام هێشتا بە دووەم مەترسیدارترین نەخۆشی دادەنرێت.

وەک ڕۆژنامەی تەبا بۆ وەرگرتنی وەڵامی زانیاری زیاتر، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ دکتۆرێکی نەخۆشخانەی نانەکەلی هەولێر (ئەربیل)، دکتۆرە سایە سەلاحەددین نەجمەدین پسپۆڕی نەخۆشیەکانی خوێن و شێرپەنجە ئەنجامدا، کە نەخۆشخانەکە تایبەتە بە تووشبووانی شێرپەنجە و خوێن لە هەولێر (ئەربیل).

دکتۆرە سایە سەلاحەددین، کە  پسپۆری نەخۆشیەکانی خوێن و شێرپەنجەیە لەبارەی هۆکاری زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە لەچاو رابردوو وتی،” گۆڕانی شێوازی ژیانی هاوڵاتییان هۆکارێکی سەرەکین بۆ شێرپەنجە و ناتوانین بڵێین ڕێژەی نەخۆشییەکە یەکجار زۆربووە لەچاو رابردوو، پێشتریش نەخۆشییەکە هەبووە، زۆرجار نەخۆش کۆچی دوایی کردووە بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانرێت”.

“شێرپەنجە زیادی نەکردووە، تەنها ئەوەیە کە لە ئێستادا زیاتر لە پشکنین دەردەکەوێت”

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەوانەیە گەر پشکنین پێشکەوتووبا دەزاندرا کە بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە، ئێستا سەیر دەکەیت پشکنینەکان پێشکەوتوون، خەڵک زیاتر هۆشیارن کاتێك کێشەیەکیان دەبێت زووتر سەردانی دکتۆر دەکەن و پشکنین ئەنجام  دەدەن، بە گشتی ناتوانین بڵێین شێرپەنجە زیادی کردووە، دروست ئەوەیە بڵێین زیاتر لەرابردوو لە پشکنین دەردەکەوێت، پێشتر هەولێر (ئەربیل) ڕێژەی دانیشتوانی چەند بوو ئێستاش چەندە، لە ئێستادا ڕێژەی دانیشتوان دوو ئەوەنەی پێشترە، لە هەمان کاتدا ئەوانەی لەپشکنین دەردەکەوێت کە تووشی شێرپەنجە بوون مەرج نییە هەمووی خەڵکی هەولێر (ئەربیل) بن، زۆر جار هاوڵاتی دەرەوەی هەولێر (ئەربیل)ـە بەڵام لێرە کار دەکات دواتر دەردەکەوێت توشی شێرپەنجە بووە، هەر بۆیە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە هەموو نەخۆشەکانمان خەڵکی هەولێر (ئەربیل) نین”.

شایەنی باسە زۆر جار هاوڵاتیان تووشی شێرپەنجە یان هەر نەخۆشییەکی دیکەی درێژخایەن بوون ئاگادار نین کە تووشبوون، هەر بۆیە دکتۆرەکە لەوەڵامی ئەمەدا بە تەبا-ی راگەیاند، “دوو جۆری شێرپەنجە هەیە ئەوەی تایبەتە بە شێرپەنجە گرێیەکان هەروەها جۆرەکەی دیکە شێرپەنجەی خوێن، جۆری یەکەمیان گرێیەکان. زۆربەی نەخۆشەکان لەرز و تایەکی زۆریان هەیە، ئەگەر کێشەی گرێیان هەبێت یاخود گەر شێرپەنجەکە لە گرێ بێت ئەوە هەست دەکرێت بەوەی کە گرێیان هەیە، دوای پشكنین دەردەکەوێت کە گرێی شێرپەنجەییە، جا گرێیەکە لەهەر شوێنێکی لەشی مرۆڤ بێت”.

“هەروەها جۆری دووەم، ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی خوێن دەبن، کێشەی خوێنبەربوونیان هەیە، هەندێک جار پەڵە لە لەشیان دەردەکەوێت، یاخود خوێن لە لووتییان دێت، لەوانەشە لەهەر شوێنێکی تری جەستەیان خوێن بەربێت، هەروەها نەخۆش هەیە کە کێشەی خوێنیان هەیە وا دەکات توشی بێتاقەتی یاخود دڵە کوتە بن، تۆزێک بەپێ بروات هەست بە ئازار دەکات لە سینگی، لەگەڵ ئەوەشدا توشی هەوکردنێکی زۆر دەبن لەماوەیەکی کورتدا، بە شێوەیەکی گشتی ئەم کێشانە نیشانەی شێرپەنجەن، هاوکات نیشانەیەکی گەورەی شێرپەنجە پێی دەناسرێتەوە، لەرز و تا یاخود دابەزینی کێش بەشێوەیەکی یەکجار زۆر و لە پڕدا نیشانەی دیکەی شێرپەنجەن، ئەو نەخۆشانەی  تووشی شێرپەنجە دەبن لە ماوەی شەش مانگدا لە ١٠٪ـی کێشیان دادەبەزێت، نەخۆشیش هەیە زۆر ئارەقە دەکاتەوە، بۆیە لەکاتی ڕوودانی ئەم نیشانانە لە هەر کەسێک دەبێت سەردانی دکتۆر بکەن”.

“ژینگە هۆکارە بۆ شێرپەنجە”

هاوڵاتییان ترسییان لە شێرپەنجەیە چونکە زۆرێکییان هۆکاری تووشبوونی نازانن، دکتۆرە سایە هۆکارەکانی بۆ ڕوونکردینەوە و وتی،  “ژینگە بەشێوەیەکی گشتی هۆکارێکە بۆ نەخۆشییەکە، لەنێویدا، کێشانی جگەرە، نێرگەلە، ڤەیپ، هەروەها جیا لەمە خواردنەوە کحولییەکان، خواردنی ناتەندروستیش هۆکارە بۆ نەخۆشییەکە، لە گشت جیهان ئەمانە هۆکاری سەرەکی تووشبوونن بە شێرپەنجە، هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان شوێنەکان. هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجە هەیە بۆماوەییە و لەباوانەوە بۆ وەچەکان ئەگەری تووشبوون هەیە، ئەمە هەردوو جۆری شێرپەنەجە لەخۆ دەگرێت”.

“چارەسەری شێرپەنجە دەگەرێتەوە سەر جۆر و بارودۆخی تووشبووەکە”

هاوکات لەبارەی چارەسەری شێرپەنجە و تا چەند ئەگەری ڕزگار بوون هەیە لەم نەخۆشییە، لەوەڵامی ئەمەدا پسپۆڕی نەخۆشیەکانی خوێن و شێرپەنجە رایگەیاند، “چارەسەری شێرپەنجە دەمێنێتەوە سەر جۆری شێرپەنجەکە، جۆری نەخۆشمان هەیە دۆخییان باشەو سوودییان لە دەرمانەکان وەرگرتووە، زۆر نەخۆشمان هەن کە چەندین ساڵە تووشبووی شێرپەنجەن و هیچ کێشەیان نییە، هاوکات  جۆریشمان هەیە نەخۆشییەکەی زۆر کوشندەیە و چارەسەری کەمێک ئەستەم دەبێت، لەبارەی دەرمانی نەخۆشییەکە ئەمەشییان لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت، چارەسەر و دەرمانی نەخۆشەکان وەک یەک نین و جیاوازی هەیە، بۆیە ناتوانین بڵێین دوو نەخۆش وەکو یەکن، بۆیە ئێمە بە گوێرەی بارودۆخی نەخۆشیەکان چارەسەر دەدۆزینەوە بۆ نەخۆشەکان، هەروەک دەزانرێت جۆری شێرپەنجە زۆرە و بەگوێرەی جۆرەکانیان دەرمان وەردەگرن. ئێمە هەموو کات لە شێرپەنجە لەسەر توێژینەوەکان قسە دەکەین، هەر لەسەر ئەمەش بە کەسوکاری نەخۆش دەڵێین ڕێژەی تووشبوونی نەخۆشەکە بە شێرپەنجە چەندە و ڕێژەی سەرکەوتنی بەسەر نەخۆشییەکەش چەندە، پێویستە ئەمەش بڵین هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجە هەیە لە ئەگەری گەورەیی تەمەنی نەخۆشەکە ناتوانین هەموو جۆرە دەرمانێکی بۆ بەکاربهێنین”.

“نەخۆشی شێرپەنجە تێچووەکەی زۆرە”

بابەتێکی گرنگ کە زیاتر خانەوادەی تووشبووانی شێرپەنجە دەگرێتەوە، تێچووی چارەسەری شێرپەنجەیە. بەشێکی زۆری خەڵك دەڵێن تێچووەکەی زۆرە، هەر لەم بارەیەوە دکتۆرەکەی نەخۆشخانەی نانەکەلی وتی، “نەخۆشی شێرپەنجە تێچووەکەی زۆرە، هەروەها پاڵپشتی فەرمی هەیە لە لایەن حکومەت و سندوقی یارمەتیش بۆ شێرپەنجە هەیە، ئەوانیش پاڵپشتیەکی تەواون بۆ ئەم جۆرە نەخۆشیانە، هەروەها لە بەغدادیش زۆربەی کات دەرمانمان بۆ دێت کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان-عێراق.

لە هەموو جیهاندا تێچووی ئەم نەخۆشیە زۆرە، هەر بۆیە بەتەنیا حکومەت ناتوانێت بەو کارە هەستێت دەبێت دەستی یارمەتی هەبێت لە هەموو لایەکەوە، سەبارەت بە نەخۆشخانەی نانەکەلی کەسانێکی زۆر هەن دەیانەوەێت یارمەتی نەخۆشەکان بدەن، دەرمانی پێویستیشمان هەیە بەڵام جاری وا هەیە بەشی نەخۆشەکان ناکات، هەندێک جار نەخۆش یەکجار زۆرە و دەرمان بەشیان ناکات یاخود بە پێچەوانەوە نەخۆش کەمە بەڵام جۆری دەرمانەکە زۆرە”.

“خەڵکێکی زۆر لە شارەکانی تری عێراقەوە دێنە نەخۆشخانەکەمان”

شایەنی باسە لەنەخۆشخانەکانی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەرێم هاوڵاتییانی شارەکانی تری عێراقیش چارەسەری وەردەگرن لەو بارەیەوە دکتۆرە سایە ئەماژەی بەوە کرد، “زۆر کات نەخۆشمان هەیە لە شارەکانی ترەوە دێن، لەوانەیە بەشێکی هۆکارەکەی بۆ ئەوە بگەرێتەوە کە نەخۆشخانەکانی شوێنەکانی دیکەش نەخۆشیان زۆرە، بەشێکی هۆکارەکەش ئەوەیە لەوانەیە هەندێک جار متمانەیان بەوە بێت، کە پشکنیەکانییان دووبارە لێرە ئەنجام بدەنەوە، یاخود بیانەوێت لە هەولێر(ئەربیل) چارەسەر وەربگرن، زۆرجار دەبینین کە هاوڵاتییەک دانیشتووی هەولێر(ئەربیل)ـە بەڵام خەڵکی پارێزگاکە نییە ئەوانیش لێرە چارەسەر وەردەگرن”.

ڕێژەی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە کەمی کردووە

هاوکات لەبارەی ئاماری تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی کە بەدەستی تەبا کەوتووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ هەزار و ٢١٩ نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر (ئەربیل) تۆمارکراون و لە ساڵی ٢٠٢٤یشدا، هەزار و ٩٩ تووشبوو تۆمارکراون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، لە ٢٠٢٤دا ٢٠٠ نەخۆشی شێرپەنەجە کەمی کردووە. هەر به‌ پێی ئامارەکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی کە ئاماری هەموو هەرێمی لە خۆگرتووە، ساڵی ٢٠٢٤ بۆ تووشبووانی شێرپەنجە ئەگەر بەراورد بکرێت بە ئاماری ساڵی ٢٠٢٣ ژمارەی تووشبووان كه‌می كردووه‌، به‌جۆرێك ساڵی ٢٠٢٣، پێنج هەزار و  ٤٥٦ تووشبوو تۆمارکراوە، به‌ڵام ساڵی ٢٠٢٤، چوار هەزار و ٩٨٣  توشبوو بووە بە شێرپەنجە .

هەواڵ: عەلی چەلەبی

وێنە: فەلاح حەسەن

En az 10 karakter gerekli