دەزگای تەندروستی یەکێتی ئەفریقا ڕاگەیاند، تا ئێستا 19 هەزار حاڵەتی ئاوڵەی مەیمون تۆماركراوە كە هەزار 200 حاڵەت لەم هەفتەیەدا بووە، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش بڕیارە بەم نزیكانە ڤاكسینی نەخۆشیەكە بڵاوبكاتەوە.
دەزگای تەندروستی یەكێتی ئەفریقا لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا نزیکەی 19 هەزار حاڵەتی گومانلێکراو یان پشتڕاستکراوەی توشبوون بە ئاوڵەی مەیمون تۆمارکراوە، کە هەزار و 200 حاڵەت تەنها لە ماوەی هەفتەیەكدا بوون.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەنێو ئەو حاڵەتانەی كە لە 12 وڵاتی ئەندامدا تۆمارکراون، زیاتر لە سێ هەزار حاڵەت پشتڕاستکراونەتەوە و نزیکەی 16 هەزار حاڵەتی گومانلێکراو تۆمارکراون.
هاوكات یەکەم حاڵەتی توشبوون بە بەو نەخۆشیە كوشندەیە لە دەرەوەی یەکێتی ئەفریقا هەفتەی ڕابردوو لە سوید و پاکستان تۆمارکرا.
ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دابوو سەبارەت بە بڵاوبونەوەی جۆری نوێی ئاوڵەی مەیمون لە کۆنگۆ و ناوچەکانی دیکەی ئەفریقا و بە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی جیهانی داوایکردبوو دەستبەجێ هەنگاوبنێن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسە.