وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان-عێراق رایگەیاند، بانکی بازرگانی عێراق (TBI) 368 کارتی بانکی تایبەت بە فەرمانبەران رادەستی تیمی “هەژماری من” کرد، لە ئێستاشدا چاوەڕێێ گەڕانەوەی کارتە بانکییەکانی دیکەن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان-عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە رێگای پرۆژەی “هەژماری من”، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) هەستا بە رادەستکردنی یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان بە تیمی “هەژماری من”.
لە راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان-عێراق ئاماژە بەوەشکراوە، یەکەمین کۆمەڵە پێکهاتبو لە کارتی بانکی 368 فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم.
ئەوەشخراوەتەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بۆ ئەو فەرمانبەرانەی کەوا بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکردووە، لە ماوەی هەفتەکانی رابردوو زانیاری ئەو فەرمانبەرانە بۆ بانکی ناوبراو نێردرابوو، تاکو بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان رادەستی فەرمانبەرانی خوازیار بکات.