ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خرایەڕوو

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خرایەڕوو

ئازار 8, 2023 12:25
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا خرایەڕوو
0

لایک

ئەمڕۆ چوارشەممە 08-03-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەولێر(ئەربیل) کۆبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

لەسەرەتای کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکەدا ئانالێنا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد و وتی، “خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ بە دیداری یەکتر گەیشتین و ئاڵوگۆڕی بیروڕامان کرد، من لە سەرەتاوە دەمەوێت لە دڵەوە سوپاستان بکەم، لە بەرامبەر کۆمەک و هاوکاریتان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا، یەکێک لەو دراوسێیانەی لە بارودۆخێکی ئەمنی تونددا هاوکاری تورکیای کرد لەسەر ئاستی جیهان هەرێمی کوردستان بوو، ئەمەش دەنگدانەوەی هەبوو. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە کە لە ترسی داعش رایانکردووە لێرە لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین، هاوکات سەدان هەزار هاووڵاتی سووری بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان زێدی خۆیان جێهێشتووە ئێرە بووەتە پەناگەیان، بۆ ئەم کارە گەورە رێز و پێزانینی زۆرمان بۆ ئێوە هەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لە ساڵی 2014ـەوە ئێمە نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆمان لە ئەڵمانیاوە بۆ ئێرە تەرخان کردووە، دەمانەوێت رۆڵی خۆمان لە هەرێمی کوردستان درێژە پێبدەین”.

بێربوک وتیشی، “بەشێک لەو کەسانەی هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیان خەڵکی ئێزدین، بیستمان کە کەمپی ئاوارەکان دادەخرێن، بە بڕوای ئێمە دەبێ ئەوە بە پلانێکی ورد جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ژن و منداڵان ئاوارە نەبن و لە شوێنێکی نائارام دا ژیان بەسەر نەبەن. ماوەیەک لەمەوبەریش تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند”.

ئەوەشی خستەڕوو، “هێشتا مەترسییەکانی داعش بەردەوامن، ئێمەش پشتیوانی خۆمان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بۆ ئێوە دووپات دەکەینەوە و مەشق و را‌هێنانی هێزەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ پێشمەرگە لێرە بەردەوامە، لە حەوت ساڵی رابردوو ئەڵمانیا 50 ملیۆن یۆرۆی تەرخان کردووە”.

راشیگەیاند، “هەولێر ناوەندێکی گرنگی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی کولتووری ئەڵمانیا – عێراقییە، پەیمانگەی گۆتە DAAD لێرە نوێنەرایەتیان هەیە و لە حەوت قوتابخانە لە هەرێمی کوردستان زمانی ئەڵمانی دەخوێندرێت، چەند هەفتەیەکی لەمەوبەریش بەردی بناغەی ئینستیوتی کولتووری ئەڵمانی – فەرەنسی لێرە دانراوە، ئەم ئاڵوگۆڕەش پەیوەندییەکانمان بەرەو پێش دەبەن”.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دووپاتیکردەوە، “هەماهەنگی لەنێوان هەموو بەشەکانی عێراق گرنگە بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و بەغدا، بۆیە ئێمە کاتێک پڕۆژەمان لێرە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاوە”.

لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، “بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاستان دەکەم بۆ بە جینۆسایدناساندی ئێزدییەکان، کە بێگوومان ئەمە هاوکارییەکی زۆر بوو لە ناساندی ئەو تاوانەی دەرحەق بە خوشک و برا ئێزدییەکانمان کرا. هیوادارم وڵاتانی دیکەی جیهانیش چاو لە ئەڵمانیا بکەن، بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەجینۆسایدناسندنی ئەم کۆمەڵکوژییە بکرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی لە ئاوەدانکردنەوە و هاوکاریکردنی شنگال و خوشک و برا ئێزدییەکان بەشداری بکەن”.

مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، “کە ئەڵمانیا یارمەتییەکی زۆری هەرێمی کوردستانی دا لە تێكشکاندنی تیرۆریستانی داعش.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، پتەوکردنی دیموکراسیەت و جێبەجێکردنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بووە بە هەموو جۆرەکانییەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکدا باسی چەند خاڵێكی دیکەشیان کردووە لەوانە، هەوڵدان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دۆست بەتایبەتی وڵاتی ئەڵمانیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان”.

سەبارەت بەو ئافرەتە ئێزدییانەی کە بوونەتە قوربانی دەستی تیرۆر و ئێستا هەندێکیان بوونەتە خاوەن منداڵ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتی، “هیوادارین کۆمەڵگەی ئێزدی باوەشیان بۆ بکەنەوە و تێکەڵی خێزانەکانیان ببنەوە، ئەگەریش لەڕووی کولتوورییەوە رێگەی گەڕاناوەیان پێنەدرا حکومەتی هەرێمی کوردستان ماڵی گەورەی ئەوانە و لەڕووی دابینکردنی ئاسایش و بژێوی ژیان و بەخێوکردنی منداڵان، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاری کردنیان”.

En az 10 karakter gerekli