میری ئێزدییان سەرەکۆنەی سووتاندنی قورئان دەکات
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • میری ئێزدییان سەرەکۆنەی سووتاندنی قورئان دەکات

میری ئێزدییان سەرەکۆنەی سووتاندنی قورئان دەکات

میری ئێزدییان لە عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی سەرکۆنەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزی کرد کە لەلایەن پەنابەرێکی عێراقییەوە لە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆلم ئەنجامدرا

ته‌مموز 2, 2023 19:01
میری ئێزدییان سەرەکۆنەی سووتاندنی قورئان دەکات
0

لایک

رۆژی یەکشەممە، 2-7-2023، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان لە عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای رۆحانیی ئێزدی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆزەوە لەلایەن هاووڵاتییەکی تەمەن 37 ساڵانی عێراقییەوە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد رایگەیاند، “سەرکۆنەی ئەو کارە نابەرپرسیارانەیە دەکەین کە هاووڵاتییەکی عێراقی بەناوی سەلوان مۆمیکا، دانیشتووی وڵاتی سوێد کردوویەتی کە سووتاندنی قورئانی پیرۆزە. ئەو کارە هەراسانکارانەیە هیچ پەیوەندییەکی بە ئایینەکانەوە نییە و گوزارشت لە بۆچوونی هیچ ئایین یان بیروباوەڕێک ناکات.”

میری ئێزدییان دەشڵێت، “سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەبەردەم خەڵکیدا بووە هۆی ئازاردانی هەستی زیاتر لە دوو ملیار کەس؛ ئەو کارە هەروەها دەستدرێژییە بۆ سەر ئازادییەکانیان و لە هەمان کاتدا بووە هۆی کێشە دروستکردن و هاندان بۆ دروستبوونی رق و کینە لەنێوان خەڵکیدا.”

میری ئێزدییان لە عێراق و جیهان دەشڵێت، “بەهەموو شێوەیەک هەموو گوتارێکی رقوکینە و کردنە ئامانجی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ رەتدەکەینەوە و سەرکۆنەی ئەو کارانەش دەکەین کە دەبنە هۆی پێشێلکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی و لە بەهاکانی تۆکمەیی کۆمەڵایەتی دەدەن.”  

میر حازم تەحسین بەگ داوا لەسەرجەم بیرمەندان لە مەرجەعەکانی ئایینی و پیاوانی ئایینی دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەر کارێک بە دووربگرن کە خودا نەخواستە لێکەوتەکانی چاوەڕوان نەکراو دەبن.

رۆژی 28ی ئەم مانگە کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان بوو، پەناخوازێکی تەمەن 37 ساڵانی بە رەچەڵەك عێراقی لە سوێد بە ناوی سەلوان مۆمیکا لە بەردەم گەورەترین مزگەوتی ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند.

ئەو کارە کاردانەوەی تووندی لەسەر ئاستی لایەنی فەرمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و لەسەر ئاستی جەماوەریش بەدوادا هات. رۆژانی پێنجشەممە و هەینی خۆپیشاندان لە بەغدا لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوێد بەڕێوەچوو؛ تەنانەت رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک خۆپێشاندەر چوونە نێو حەوشەی باڵیۆزخانەکە.

En az 10 karakter gerekli