ئه‌مریكا داوا لە هاوڵاتییه‌كانی دەکات عێراق جێبهێڵن
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئه‌مریكا داوا لە هاوڵاتییه‌كانی دەکات عێراق جێبهێڵن

ئه‌مریكا داوا لە هاوڵاتییه‌كانی دەکات عێراق جێبهێڵن

تشرینی یه‌كه‌م 22, 2023 21:59
ئه‌مریكا داوا لە هاوڵاتییه‌كانی دەکات عێراق جێبهێڵن
0

لایک

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، داوای له‌ دیپلۆماتكاران و كه‌سوكاره‌كانیان و كارمه‌نده‌ ناپێویسته‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد كه‌ عێراق و هه‌رێم به‌جێبهێڵن و رایگه‌یاند، “به‌هۆی به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و شه‌ڕی چه‌كداری و بۆردومانی ئاسمانی، گه‌شت بۆ نزیك سنووره‌كانی باكووری عێراق مه‌كه‌ن”.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا داوای له‌ هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌ی كرد كه‌ به‌هۆی تیرۆر و ڕفاندن و ململانێی چه‌كداری و نائارامی مه‌ده‌نی و سنوورداربوونی توانای نوێنه‌رایه‌تیه‌كه‌یان له‌ عێراق بۆ پشتیوانی له‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكی، گه‌شت بۆ عێراق نه‌كه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌ریر له‌ هه‌ولێر و عه‌ین ئه‌سه‌د له‌ ئه‌نبار زیاتر له‌ جارێك كراونه‌ته‌ ئامانجی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی گروپه‌ چه‌كداره‌ له‌یاسا ده‌رچوه‌كان، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی خێزان و فه‌رمانبه‌رانی ناپێویستی حكومه‌تی ئه‌مریكا كه‌ پێویست نین له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد و كونسوڵخانه‌ی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر به‌هۆی زیادبوونی هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی ئه‌مریكا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ واشنتن”.

روونیشیكرده‌وه‌، “هاوڵاتیانی ئه‌مریكی له‌ عێراق رووبه‌ڕووی مه‌ترسیی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌وانه‌ ئه‌گه‌ری توندوتیژی و رفاندن، هه‌روه‌ها گروپه‌ تیرۆریستی و یاخیبوه‌كان به‌ به‌رده‌وامی هێرشده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی عێراق و دژی ئه‌مریكان، هه‌روه‌ها میلیشیاكان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكی و نێوده‌وڵه‌تی و كۆمپانیا بیانیه‌كانیش ده‌كه‌ن”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، هێرشه‌كان به‌ به‌كارهێنانی بۆمبی چێنراو و موشه‌كی ناڕاسته‌وخۆ و فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وان له‌ زۆر ناوچه‌ی وڵاتدا ئه‌نجامده‌درێن، له‌وانه‌ش به‌غداد و شاره‌ گه‌وره‌كانی دیكه‌، له‌ بارودۆخی نائاساییدا خزمه‌تگوزاری كونسوڵگه‌ری بۆ هاوڵاتیانی ئه‌مریكیش له‌ عێراق سنوورداره‌ به‌هۆی ئه‌و سنوورداركردنه‌ توندانه‌ی كه‌ سه‌پێنراون له‌سه‌ر جوڵه‌ی كارمه‌ندانی حكومه‌تی ئه‌مریكا.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاشكراشیكردوه‌، “خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن زۆرجار له‌ سه‌رانسه‌ری وڵاتدا رووده‌دات، ئه‌م رووداوانه‌ ده‌توانن به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشوه‌خته‌ به‌خێرایی په‌ره‌بسه‌نن و زۆرجار ده‌بنه‌ هۆی په‌كخستنی هاتووچۆ و گواستنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌كانی دیكه‌ و هه‌ندێكجاریش ده‌گۆڕێن بۆ كرده‌وه‌ی توندوتیژی”.

ئه‌وه‌شی روونكردۆته‌وه‌، به‌هۆی به‌رده‌وامی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان و شه‌ڕی چه‌كداری و بۆردومانی ئاسمانی و نائارامی مه‌ده‌نی، گه‌شت بۆ نزیك سنووره‌كانی باكووری عێراق مه‌كه‌ن، پێویسته‌ هاوڵاتیانی ئه‌مریكا خۆیان له‌و ناوچانه‌ به‌دوربگرن كه‌ نزیكن له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ باكوری عێراق كه‌ له‌لایه‌ن سوپای وڵاتانی دراوسێوه‌ به‌هێرشی ئاسمانی كراونه‌ته‌ ئامانج.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌شڵێت، “نابێت هاوڵاتیانی ئه‌مریكا گه‌شت به‌ناو عێراقدا بكه‌ن بۆ به‌شداریكردن له‌ شه‌ڕێكی چه‌كداری له‌ سووریا، چونكه‌ رووبه‌ڕووی مه‌ترسی توندی كه‌سی ده‌بنه‌وه‌ (رفاندن، برینداربوون، یان مردن) و مه‌ترسی یاسایی (گرتن، غه‌رامه‌، ده‌ركردن)، حكومه‌تی هه‌رێمیش رایگه‌یاندوه‌، سزای زیندانیكردنی تا 10 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌دا ده‌سه‌پێنێت كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی سنووری عێراق و سووریا ده‌به‌زێنن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، شه‌ڕكردن به‌ناوی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ دیاریكراوه‌كان یان پشتگیریكردنیان تاوانێكه‌ به‌پێی یاسای ئه‌مریكا كه‌ ده‌توانێت ببێته‌ هۆی سزای زیندانیكردن و غه‌رامه‌كردنی زۆر”.

هه‌ر له‌و په‌یامه‌یدا رایگه‌یاندوه‌، “به‌هۆی نیگه‌رانییه‌ ئه‌منییه‌كان، فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد رێنمایی كران كه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداد به‌كارنه‌هێنن به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی هه‌یه‌”.

En az 10 karakter gerekli