سێ رۆژە شاندێکی ژووری بازرگانیی هەولێر لە تورکیایە. سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر دەڵێت، سەردانی مێرسین و ئورفا کردووە و بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری مێرسین بەڵێنی داوە داشکاندن لە کرێی بارکردنی ئەو کەلوپەلەدا بکەن بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق دەنێردرێت.
ئەمڕۆ شەممە 2ی تشرینی دووەمی 2024 گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر بە میدیای پارتی راگەیاند، “شاندێکی 19 کەسی لە تورکیاین و سەردانی هەردوو شاری مێرسین و ئورفامان کرد. ئامانجی سەردانەکەش پتەوکردنی پەیوەندیی بازرگانی نێوان هەردوولایە و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا چەند کۆمپانیایەکی ئورفا و مێرسین بۆ وەبەرهێنان بێنە هەرێمی کوردستان.”
گەیلان حاجی سەعید وتی، “لە مێرسین لەگەڵ ژووری بازرگانی، بەڕێوەبەرایەتیی بەندەر، بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و 100 بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و کارگەی شارەکە بە جیا کۆبووینەوە و ئەنجامی کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون. بەڕێوەبەرایەتیی بەندەری مێرسین بەڵێنی دا داشکاندن لە کرێی بارکردنی ئەو بارانەدا بکات بۆ هەرێمی کوردستان دێن. بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکانیش بەڵێنی ئەوەیان پێداین کە دوای ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا لقی کۆمپانیاکانیان دەهێننە هەرێمی کوردستان.”
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر ئهوهشی خستهروو، “لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو پارێزگایە رێککەوتنمان کرد کە لە داهاتوودا ئاسانکاری بۆ بازرگانان بکرێت بۆئەوەی بتوانن ئاسانتر لەو شارەدا کاری بازرگانی بکەن؛ هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندێکی بازرگانیی شارەکە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.”