فەرماندەیەکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاندوە، هێزەکانیان پێشڕەوییان بەرەو ناوجەرگەی غەززە دەستپێکردوە، دانیشتوانی غەززەش دەڵێن، “تانکەکانی غەززە لەناو شاردا جێگیرکراون و ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر سەنتەری کەرتی غەززە دەکەن.”
ئاژانسی “رۆیتەرز” بڵاویکردەوە، یارۆن فینکڵمان فەرماندەی هێزەکانی باشووری پاراستنی ئیسرائیل بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، دوای دەیان ساڵ، بۆ یەکەمین جار سوپای ئیسرائیلی لە ناوجەرگەی شاری غەززە شەڕ دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو رۆژ و کاتژمێرێک هێزە چەکدارەکانیان بەرپەچی هێزەکانی حەماس دەدەنەوە چەکەکانیان تێکدەشكێنن، هەروەها پێشڕەوەییەکانیان بەرەو ناوەندی بزوتنەوەی حەماس بەردەوامە.
پێشتریش ئیسرائیل رایگەیاند بە تەواوی گەمارۆی کەرتی غەززەیان داوە، کە دانیشتوانەکەی نزیکەی 2.3 ملیۆن کەسە، بەم زووانەش هێرشیان دەکەنە سەر و بزوتنەوەی حەماس لە ناودەبەن.