جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم کرد و رایگەیاند، “نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت و پێویستە ئامادەکاری بۆ بکرێت بەشێوازێک کە بێگەرد بێت و مافی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت.”
ئەمڕۆ سێشەممە، 28-02-2023، لە هەولێر قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازی لە محەممەد مەولوود یاقووت، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێم کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە باسی هەڵبژاردن، باسیان لە دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش کردووە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم سەرەتا پرسە و سەرخۆشی ئاراستەی کۆنسوڵی تورکیا کرد بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی تورکیا کە چەقەکەی مەرەش بوو و، تاوەکو ئێستا بەگوێرەی ئامارەکانی ئافاد، 44 هەزار و 374 کەس گیانیان لەدەستداوە.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان دەزگاکانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی کردووە کە بەوتەی خۆی، لەسەر پێشنیازی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە و رایگەیاند، “نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت و پێویستە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد بکرێت و مافی هەموو پێکهاتەکانیش لەبەرچاو بگیرێت.”
وەکو لە راگەیەندراوەکەیشدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان نەیشاردەوە کە کێشە هەیە، ئەو کێشەیەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان هەبووە.