سوید بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ

سوید بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ

ئازار 8, 2024 10:34
سوید بە فەرمی بووە ئەندامی ناتۆ
0

لایک

دوای کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی سوید، ئەو وڵاتە دوای نزیکەی دوو ساڵ لە چاوەڕوانی بەفەرمی بوو بە ئەندامی هاوپەیمانییەتی ناتۆ.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیا جیهانییەکان بڵاویان کردەوە، دوای ئەوەی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بوونی بە رێکخراوی ناتۆ لە میانی رێوڕەسمێکدا لە ئەمریکا رادەستی واشنتۆن کرد، سوید بە فەرمی بوو بە 32ـەمین ئەندامی هاوپەیمانییەتی سەربازی ناتۆ .

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئولف کریستێرسن سەرۆکوەزیرانی سوید بە فەرمی ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە هاوپەیمانەتییەکە راگەیەندراوە و 31 وڵاتەکەی دیکەی ناو هاوپەیمانەتییەکە رەزامەندی خۆیان پیشانداوە.

دەشڵێن،” ئەنتۆنی بلینکن بە سەرۆک وەزیرانی سویدی وتووە، ئەوەی ئارام بگرێت دەگات بەو ئامانجەی کە دەیەوێت”.

هاوکات، بڕیار وایە دووشەممەی داهاتوو 11ـی ئازار ئاڵای سوید لەبەردەم بارەگای ناتۆ لە برۆکسل بەرز بکرێتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، 18ـی ئایاری ساڵی 2022 سوید شانبەشانی فینلاند داوایان لە هاوپەیمانییەتی ناتۆ کرد ببن بە ئەندامم دواتر 4ـی نیسانی ساڵی رابردوو فینلاند بوو بە ئەندام، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتی هەنگاریا و تورکیا ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانییەتی ناتۆ دواکەوت.

En az 10 karakter gerekli