ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رایگەیاند، سەرجەم تێبینییەکانی لیستی مووچە راستکرانەتەوە و دووبارە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوەتەوە و داوا دەکەن بەغداد مووچەی مانگی 10 خەرجبکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کۆبووەوە و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ لە ژێر هیچ پاساو و بیانوویەک، مووچەی هەرێمی کوردستان-عێراق دوانەخات یان لێی ببڕێت و ڕێگری نەکات لە دابینکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵکوو پێویستە هاوشێوەی مووچەخۆران لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی هەرێمیش لە کاتی خۆی و بە بێ کەموکوڕی خەرج بکات.
ئەوەش هاتووە، وەک چۆن دادگای باڵای فیدڕاڵ بە ڕوونی لە بڕیارەکانیدا داوای کردووە بابەتی مووچە تێکەڵی هیچ ناکۆکیيەکی نێوان هەردوو حکومەت نەکرێت پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق مووچە وەربگرن.
باس لەوەش کراوە، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەموو کەموکورتی لیستەکانی مووچەیان ڕاستکردووەتەوە و ناردوویانە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق.
ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو فەرمانبەرانەی کە تا ئێستا بایۆمەتریان ئەنجام نەداوە یان ژمارەی وەزیفیی بێ هاوتایان نییە، ڕۆژی 20ـی ئەم مانگەیان وەک دوا وادە بۆ دەستنیشانکراوە و داوا لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەکەن کە بە زووترین کات، مووچەی مانگی 10 خەرج بکات.