وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا راپۆرتێکی سەبارەت بە زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات بڵاوکردەوە و رایگەیاند قەبارەی زیانەکان گەیشتووەتە دوو ترلیۆن لیرەی تورکی کە دەکاتە 103.6 ملیار دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی 17ـی ئاداری 2023، وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا لە راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، زیانی بوومەلەزرەکەی مانگی رابردوو، بە دوو ترلیۆن لیرە مەزەندە دەکرێت و کە زیانێکی زۆر بەژێرخانی ئابووری ناوچەکانی بوومەلەرزەکە گەیشتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیانی ماددی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات گەیشتووەتە 1.6 ترلیۆن لیرە و 351.4 ملیار لیرەش زیان لە داهاتی نیشتمانی کەوتووە، جگە لە پاڵپشتی و خەرجییە فریاگوزارییەکان و هەڵمەتەکانی لابردنی پاشماوەکان و بیمە و خەرجییەکانی دیکە.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختهر تورکیا و سووریای هەژاند و لە ھەرێمیش بەگوڕی 4.7 پلەی رێختهر ھەستی پێکرا.