ئەمریکا، ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆری تایبەتی خۆی دەسڕێتەوە

ئەمریکا، ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆری تایبەتی خۆی دەسڕێتەوە

تشرینی دووه‌م 8, 2025 14:42
ئەمریکا، ئەحمەد شەرع لە لیستی تیرۆری تایبەتی خۆی دەسڕێتەوە
0

لایک

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی هەینی بە فەرمی ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریای لە لیستی تیرۆری تایبەتی خۆی سڕیوەتەوە. ئەم هەنگاوە، چەند رۆژێک پێش سەردانەکەی شەرع بۆ واشنتن دێت، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر سووریا.

ئەو بڕیارە، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە تاوەکو رادەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو، ئەمەش بەهۆی ئەوەی شەرع لە ماوەی رابردوودا ئاستێکی بەرزی هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نیشان داوە. 

 بڕیارەکە رۆژێک دوای ئەوە هات کە واشنتن سەرکەوتووانە سەرکردایەتیی دەنگدانێکی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بۆ لابردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەحمەد شەرع، کە رێگەی بۆ دانپێدانانی نێودەوڵەتی خۆش کرد.

 تۆمی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاریی زیاتری خستەڕوو و ووتی، “ئەم رێکارانە وەکو دانپێدانانێک بەو پێشکەوتنەی سەرکردایەتیی سووریا دوای رۆیشتنی بەشار ئەسەد و کۆتاییهاتنی زیاتر لە ٥٠ ساڵ ستەمکاری لەژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەدا نیشانی داوە، گیراونەتەبەر.”

 پیگۆت جەختیکردەوە، حکومەتەکەی شەرع پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکاوە سەلماندووە، لەوانەش دەستپێکردنی هەوڵی جیددی بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییانەی لە سووریا بێسەروشوێنن، هەروەها کارکردن بۆ لەنێوبردنی تەواوەتیی پاشماوەی چەک و پێداویستییە کیمیاییەکان کە لە سەردەمی دەسەڵاتی پێشوودا مابوونەوە.

 بڕیارە شەرع، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە، کە پێشتر بەڵێنی پێشکەشکردنی پاکێجێکی گەورەی یارمەتیی مرۆیی و ئابووریی بۆ “سووریای نوێ” داوە. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل کە هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئەمریکایە،سەرەتا بە تووندی دژی ئەم نزیکبوونەوەیە بوو و لەدوای کەوتنی ئەسەدەوە بە چڕی هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر چەندین پێگەی سەربازی لە سووریا کردووە، بەو هیوایەی بتوانێت دووژمنە مێژووییەکەی لە دۆخێکی لاوازدا بهێڵێتەوە.

هەروەها ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی سەرکردەکەی سووریا بۆ واشنتن و دووەم سەردانی بۆ ئەمریکا، دوای گەشتە مێژووییەکەی بۆ نیویۆرک و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی ئەیلوول.

 هاوکات ئەحمەد شەرع، یەکەمجار لە ریاز لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکە ترەمپ بەڵێنی دا  سزا ئابوورییەکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.

En az 10 karakter gerekli