وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕایگەیاند، لەگەڵ توركیا رێككەوتوون لەسەر ئەوەی ڕۆژانە 500 مەتر سێجا ئاوی فوڕات لە چركەیەكدا بەربدرێتەوە. هەروەها بەردەوامن لەهەوڵەكانیان لەگەڵ ئێران و توركیا بۆ دابینكردنی پشكی ئاوی عێراق لەو دوو وڵاتەوە و لایەنی توركیش ژمارەیەك پڕۆژە لە ژێرخانی ئاودێری جێبەجێ دەكات.
ئەمڕۆ شەممە، 24 ئایار، 2025، عەون زیاب، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق و توركیا رێككەوتون لەسەر بەردانەوەی 500 مەتر سێجا ئاوی فوڕات ڕۆژانە لە چركەیەكدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەی هاوبەش لەگەڵ ئێران و توركیا بەردەوامن لەهەوڵی دابینكردنی پشكی ئاوی عێراق لەو دوو وڵاتەوە. هەروەها بەردەوامیشن لە جێبەجێكردنی خاڵەكانی رێككەوتننامەكەیان لەگەڵ توركیا.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق باسی لەوەشكرد، لایەنی توركی ژمارەیەك پرۆژە لە ژێرخانی ئاودێری جێبەجێ دەكات و لەو ڕێگەیەوە بەردانەوەی ئاو لە خاكی توركیاوە بۆ عێراق بەردەوام دەبێت.
ئەوەشیخستەڕوو، دەستپێشخەریەكی ناوچەیی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بۆ پاراستنی ڕووبارەكانی دیجلە و فوڕات ئەنجامدراوە، ئامانج لێی گرەنتیكردنی بەردەوامیی بەردانەوەی ئاوی هەردوو ڕووبارەكەیە.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق ڕوونیكردەوە، عێراق بە كرداری پێویستی بە دروستكردنی بەنداوی كۆگاكردنی ئاو نییە، چونكە بۆشایی زۆر هەیە لە بەنداوەكانی ئێستا كە بە حەوت ملیار لیتر لە بەنداوی موسڵ دەخەمڵێنرێت، بەنداوی سەرساریش چوار ملیار لیتر و بەنداوی حەدیسەش هەشت ملیار لیتر.