ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی شه‌ڕ ده‌ستپێناكات، به‌ڵام “وه‌ڵامی توند ده‌داته‌وه” بۆ هه‌ر كه‌سێك هه‌وڵی هێرشكردنه سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌ی یان به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی بدات.
ئیبراهیم ره‌ئیسی له وتارێكدا ئه‌مڕۆ هه‌ینی وتی، “هیچ شه‌ڕێك ده‌ست پێناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت قسه‌ی ناشرینمان بكات و هێرشبكاته‌سه‌رمان، وه‌ڵامێكی توند وه‌رده‌گرێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێشتر كاتێك ئه‌وان (ئه‌مریكییه‌كان) ده‌یانویست قسه‌مان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ده‌یانوت بژارده‌ی سه‌ربازی له‌سه‌ر مێز بووه، ئێستا ده‌ڵێن به‌نیازی ئه‌وه نین بچنه ناو ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران”.
سه‌رۆكی ئێران ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، “ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران له ناوچه‌كه‌دا مه‌ترسی بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێك دروست ناكات و هه‌رگیزیش دروستی نه‌كردووه، به‌ڵكو گه‌ره‌نتی ئاسایش ده‌كات كه وڵاتانی ناوچه‌كه بتوانن پشتی پێ ببه‌ستن و متمانه‌یان پێبكه‌ن”.
ئه‌م لێدوانه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی دوای چه‌ند ڕۆژێك له هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌مریكا دێت كه ئاماده‌كاریده‌كات بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كوژرانی سێ سه‌ربازی وڵاته‌كه‌ی له هێرشێكی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان بۆ سه‌ر بنكه‌كه‌یان له ئوردن له‌لایه‌ن گروپێكی هاوپه‌یمانی ئێرانه‌وه.
چوار به‌رپرسی ئه‌مریكی به ئاژانسی رۆیته‌رزیان راگه‌یاندووه، فڕۆكه بێفڕۆكه‌وانه‌كه كه بووه‌ته هۆی كوژرانی سێ سه‌ربازی ئه‌مریكی و هه‌روه‌ها زیاتر له 40 كه‌سیش برینداربوون، دروستكراوی ئێرانه.