یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، وادەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا ئاشکرادەکات. دەشڵێت، “تورکیا ئامادەیە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات”.
ئەمڕۆ (شەممە، 02-03-2024) فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ”دەبێت سوود لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییانە وەربگرین؛ خۆشحاڵین بە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان.”
فەلاح مستەفا وتی، دەکرێ لە رێگەی ئەم کۆڕبەندانەوە پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت و ”دەرفەتی هاوکاری و هاوئاهەنگی بدۆزرێتەوە. بەو پێیەی جیهان لە گۆڕاندایە، دەکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان هاوکار بین.”
رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا. فەلاح مستەفا لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستانەوە وتی، ”ئێستا تورکیا بۆ ئەم بابەتە ئامادەیە، بەڵام پرسەکە زیاتر لەگەڵ بەغدا ماوەتەوە. هەر کاتێک هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هەناردەکردنەوەی نەوتیش دەستپێدەکاتەوە.”
هاوکات یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە وتی، “بڕیار وایە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا ئەنجام بدرێت”.
وەکو ئەوەی فەلاح مستەفا باسی کرد، ئەوان وەکو هەرێمی کوردستان “خۆشحاڵین بە سەردانەکە، چونکە هاوکار دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی گشتی و هەروەها هەرێمی کوردستان بە تایبەتی”.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 06-02-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
3
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت