شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە نامەیەکی ئاڕاستەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کرد و بانگهێشتی کرد بەمەبەستی سەردانێکی فەرمی بۆ ریازی پایتەخت.
محەمەد جەمشیدی، یاریدەدەری کاروباری سیاسی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەلمان بن عەبدولعەزیز، پادشای سعودیە نامەیەکی ئاڕاستەی سەرۆککۆماری ئێران کردووە و لە نامەکەیدا، پێشوازی لە رێککەوتنی دوو وڵاتی برا کردووە، هەروەها بانگهێشتی ئیبراهیم رەئیسی کردووە بەمەبەستی سەردانیکردنی ریاز و ئەنجامدانی کۆبوونەوە.
محەمەد جەمشیدی ئاماژەی بەوەشکرد، لەنامەکەیدا، شا سەلمان داوای بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و ناوچەییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەکات، سەرۆککۆماری ئێرانیش لە بەرامبەردا پێشوازی لە بانگهێشتی شا سەلمان کرد و ئامادەیی ئێرانی بۆ بەرزکردنەوەی هاریکاریەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە.
نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، سعودیە و ئێران و چین راگەیەندراوێکی سێ قۆڵی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تیایدا هەرسێ وڵات رایانگەیاند، ئێران و سعودیە رێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بە سەرپەرشتی شی جینپینگ، سەرۆکی چین.