ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار قۆناغێكی نوێی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد لە شاری هەولێر ڕادەگەیەنێت و دەڵێ لە چەند مانگی ڕابردوودا لە شاری هەولێر 13 هەزار و 289 كارتی تر كراون بە سەنەد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 30/4/2023، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ئومێد، پارێزگاری هەولێر و د. لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماری خانووبەرەی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەولێر، قۆناغێكی تری گۆڕینی كارتی بۆ سەنەد لە شاری هەولێر ڕاگەیاند: ساسان عەونی گوتی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن گوتی: خۆشحاڵین ئەمڕۆ قۆناغێكی تری كاركردنی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد ڕادەگەیەنین و جەختیش دەكەینەوە بەردەوام ئەو ڕێنماییانەی كە جەنابی ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی بۆ ئەوەی كاری هاووڵاتییان ئاسان و بە باشی جێبەجێ بكەین، ئێمە لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبین.
ساسان عەونی، سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد شاری هەولێر گوتیشی: لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا ئەوە گرفتێكی گەورەی هاووڵاتییان بوو بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لە زەوییەكانیان تەنیا كارت بوون و سەنەدی تاپۆیان نەبوو، ئێمە بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەیەكی تایبەتمان لە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانمان دروستكرد كە ئەو فەرمانگەیە تەنیا كار بۆ گۆڕینی كارت بۆ سەنەدی تاپۆ بەپێی یاسا بەركارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش ڕێوشوێنێكی یاسایی دوورودرێژە، بەڵام بە دڵسۆزی و لەخۆبووردەیی ئەو فەرمانبەرە پەیوەندیدارانە كارێكی زۆر باش كراوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ئەمڕۆ قۆناغێكی تری گۆڕینی كارت بۆ سەنەد ڕاگەیەنین كە ئەو فەرمانگەیە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا 13 هەزار و 289 كارتی تری گۆڕیوە بۆ سەنەد لە كەرتەكانی باغمرەشەهاب، گەڕەكی ژین لە دارەتوو، كورانی نوێ، بێریات و عەزە و 95ی كەسنەزان.
ساسان عەونی، سەبارەت بە پرۆسەكە گوتیشی: پێشتریش نزیكەی 32 هەزار كارتی دیكە لەلایەن ئەو فەرمانگەیەوە كراونەتە سەنەد، كۆی ئەو كارتانەی لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەت لە شاری هەولێر گۆڕدراون بۆ سەنەد، نزیكەی 45 هەزار و 63 كارتن كە ئێستا كراون بە سەنەد، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەكەین سەردانی فەرمانگەكانی شارەوانی و تۆماركردنی خانووبەرە بكەن بۆ ئەوەی ئەو كارتانە ببنە سەنەد و ئەوانیش ببنە خاوەنی قەواڵەی یاسایی بۆ بەڕێوەبردنی موڵكەكانیان، ئێمەش وەكوو فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت بەڵێن بە هاووڵاتییان دەدەین وەكوو فەرمانگەكانی حكوومەت لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، وەزارەتی داد، وەزارەتی كشتوكاڵ، پارێزگای هەولێر، لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبین و بەردەوام ئەو ڕێنماییانەی كە جەنابی ڕێزدار كاك مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی بۆ ئەوەی كاری هاووڵاتییان ئاسان بكەین و بە باشی كارەكان جێبەجێ بكەین، ئێمە لە خزمەتی هاووڵاتییان دەبین.
هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كرد بۆ ئەو كارە و گوتی: ئێمە بەناوی پارێزگای هەولێرەوە، وێڕای سوپاسكردنی وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی داد و كشتوكاڵ و دارایی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تۆماری خانووبەرە و كشتوكاڵی هەولێر، سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانیی هەولیر كە هەنگاوی زۆر گرنگیان بۆ گۆڕینی كارت بۆ سەنەد گرتووەتەبەر، هەروەها گوتیشی: هەر وەكوو وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی كرت، یەكێك لەو داواكارییانەی خەڵك هەیان بوو، ئەو گرفتە بوو، دوای چەندین گفتوگۆ و تاوتوێكردنی ڕێگەچارەكان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە لە شاری هەولێر، هەموومان لەسەر شێوازێك ڕێككەوتین لەپێناو خێراكردنی مامەڵەی گۆڕینی ئەو كارتانە بۆ سەنەد، بۆیە دەستخۆشی لەو فەرمانگەیە دەكەین لە ماوەی ڕابردوودا كارەكانیان بە باشی كرد بۆ گۆڕینی كارت بۆ سەنەد.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: لەگەڵ ئەوەی ئەو مافێكی هاووڵاتییانە كە بچن ببن بە خاوەنی سەنەدی تۆماری موڵك، ئاگاداریان دەكەینەوە لە 1/5 تا 1/8 واتە سێ مانگ مۆڵەت لەبەردەم ئەو خاوەن كارتانەیە پێویستە بچن سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بكەن و كارتەكانیان بكەنە سەنەد، چونكە لە دوای 1/8ی ئەمساڵ ئەو خاوەن مافانەی كارتەكانیان بەناوە و ناچن بۆ ئەوەی سەنەدەكانیان بەناو بكەن، غەرامەی یاساییان دێتە سەر كە دواتر بڕی ئەو غەرامەیە ڕادەگەیەندرێت، بۆیە ئاگاداری هەموو لایەك دەكەینەوە لە ماوەی سێ مانگدا سەردانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بكەن بۆ ئەوەی كارتەكان بكەنە سەنەد.