وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، تیمەكانی وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێشوازیان لە 262 هاوڵاتی لوبنانی كردووە لە بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر لوبنان، وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە، هەروەها وەزارەتەكە دەڵێت، “شەوی ڕابردوو پێشوازی لە 144 كەسی دیكەی لوبنانی كراوە كە ژمارەیەكەیان برینداربوون”.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیمەكانیان بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە خێزانە لوبنانییەکان کە ڕوو لە عێراق دەكەن، بەهۆی بەردەوامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، لە ڕێگەی دەروازەی سنوریی قائیم-ەوە”.
ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو هاوڵاتیانەی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە عێراق، كاروانی دووەمی ئەو لوبنانەیە و پێکهاتووە لە 262 هاوڵاتی، وەزارەتەكە و حكومەتی عێراق هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان بۆ ئەو كەسانە كردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، “شەوی ڕابردوو كاروانی یەكەمی ئەو لوبنانیانە گەیشتوونەتە عێراق كە ژمارەیان 144 هاوڵاتی بووە و ژمارەیەكیشیان برینداربوون”.