بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان – عێراق پێشبینی دەکات ئێوارەی ئەمرۆ تاوەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی هەرێم ببارێت و دەڵیت: پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ بەرزدەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 9ی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان – عێراق پێشبینییەکانی بۆ کەش وهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و دەڵیت: “ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک کات و شوێن دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و دوای نیوەرۆ لەناوچە شاخاوییەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵات ئەگەرى تاوە باران هەیە”.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی دەشڵێت: “ئێوارە خێرایی با زیاتر دەبێت و پلەی گەرما لە نێوان یەک بۆ دوو پلە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزدەبێتەوە”.
لەبارەی پێشبینییەکانی بۆ کەش وهەوای رۆژی سێشەممە 10ی حوزەیران، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ڕایگەیاند: “سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە هەندێک ناوچە دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری رۆژهەلات ئەگەری نمە بارانێکی کەم هەیە”.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم سبەی رەشەبا نامێنێت و پلەی گەرما بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر (ئەربیل) : 39 پلە
سلێمانی : 37 پلە
دهۆک : 38 پلە
زاخۆ : 39 پلە
هەڵەبجە : 38 پلە
سۆران : 37 پلە
حاجی ئۆمەران : 21 پلە