ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی هەولێر بۆ جێبەجێکردنی پلانێک لەبارەی گرفتی ئاوی ماڵان لە وەرزی هاویندا کراوە، کە ساڵانە لە وەرزی هاویندا سەرهەڵدەداتەوە، بەتایبەتی بەهۆی وشکەساڵی چەند ساڵی رابردوو کە تائێستا کاریگەرییەکانی بەردەوامە.
پارێزگاری هەولێر، وتی: “بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ئەمساڵیش بۆ ئاوی ژێر زەوی وشکەساڵی دەبێت، ئەو بارانەی کە باریوە بۆ کشتوکاڵ باش بووە، بەڵام بۆ ئاوی ژێر زەوی کەمە، کە ئەمساڵ 250 ملیم باران لە هەولێر باریوە”.
وتیشی: “لە ماوەی چەند مانگی رابردوو وەکو ئامادەکاری کراوە، چەند دەرخستیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئامادەکران و بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزمان کردەوە، بە سوپاسەوە رەزامەندی لەسەر هەموویان دراوە کە هەشت پڕۆژەیە بە گوژمەی 20 ملیار دینار، سوپاس بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە تایبەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی دان لەسەر ئەو پڕۆژانە وادەکات ئەمساڵ جیاواتر بێت لەسەر ساڵانی رابردوو”.
ئومێد خۆشناو، لە میانی کۆنفرانسەکە دا ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان بۆ زووتر جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بووە و چەند بڕیارێکیانداوە، وەک کەمکردنەوەی رۆتین لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکان بۆ ئەوەی لە مانگەکانی 7 و 8 و 9 پڕۆژەکان جێبەجێ بکرێن، پڕۆژەکان بریتین لە لێدانی بیر و نۆژەنکردنەوەی بیرەکان.
راشیگەیاند: “پلانێکمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکاساڵی لە وەرزی هاوین، لە ماوەی رابردووشدا چەند پرۆژەیەکی ستراتیژیمان ئەنجامداوە هەندێکیشیان لە واری جێبەجێکردنن”.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد: “کارەکانی دەربەندی کۆمەسپان سەدا 60ی تەواو بووە و دەربەندی بەستۆڕەش لە ماوەی ساڵێکدا تەواو دەبێت، بەنداوی مەنداوە زۆر گرنگە بۆ هەولێر ئاوی هەولێر بە سەرچاوەی ناوخۆی دابین دەکات، ئەم پڕۆژەیەش لە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر دراوە، ئێستا بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆ لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەیە و حکومەتی عێراقیش رەزامەندی دەربڕیوە، بەڵام ئەوان دەیانەوێ پلانەکە فراوانتر بێت، بەڵام ئەو پلانە پڕۆژەکە دوادەخات بۆیە ئومێد دەکەین بەو پلانەی حکومەتی هەرێم دایناوە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە”.
ئەوەشی خستەڕوو، پلان هەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز4 لە هەولێر جێبەجێ بکرێت.
بەوتەی پارێزگاری هەولێر، لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا باسیان لە گرفتەکانی کارەبا کرد لە وەرزی هاویندا، هەروەها دابینکردنی کارەبا بۆ بیرەکانی ئاو.