ئەمریکا پابەندە بە ئاسایشی ئیسرائیل و پشتیوانی کردن لە راگرتنی جەنگی غەززە، هەروەها پابەندین بە پاراستنی هاوبەشیمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی عێراق.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی رایگەیاند، ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، لە هەمانکاتدا پشتیوانی لە راگرتنی جەنگی غەززە دەکەن چونکە بەهۆیەوە بارمتەکان دەگەرێنەوە بۆ لای کەسوکاریان.
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، جگەلەوەش ئەمریکا پابەندە بە پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی عێراق، چونکە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو وڵاتە پەیوەندییەکی گرنگە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوو سەربازی هەردوو وڵات پێکەوە کاریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سوپاسی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات لەبەر پاراستنی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا هەروەها هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە، پەیوەندییان لەگەڵ عێراق بۆ هەردوو گەل و جیهان گرنگە.
لە بەرامبەردا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا وەچەرخانێکی گرنگ بەخۆوە دەبینێت، ئەوان بەدوای بنچینە گرنگەکانی پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەگەرێن.
سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، جەنگی داعش ئامرازێک بۆ نزیکبوونەوەی مامەڵەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە تێیدا پێکەوە شەڕیان کرد و بەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆرستییە سەرکەوتن، ئەویش سەرکەوتنێکی گرنگبوو.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا عێراق بەرەو گەشەپێدان و ئادانبوونەوە دەڕوات، لە کۆبوونەوەکانیشیان باس لە هاوبەشی بەردەوامیان دەکەن کە لەسەر بنچینەی چوارچێوەی ستراتیژی دارێژڕاو لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ئەو مەبەستەش بەرنامەیەکی گرنگیان داناوە و تێیدا هەڵوێستی سەربازی و ئەمنی و توانای هێزە ئەمنییە عێراقییەکان باسکراوە.