نەرمین مەعروف: چەند کاتژمێرێک ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • نەرمین مەعروف: چەند کاتژمێرێک ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا

نەرمین مەعروف: چەند کاتژمێرێک ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆکاری رێکنەکەوتنی لایەنە سیاییەکان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، کۆبوونەوەی دوێنێی لێژنەی دارایی ئەنجامنەدراوە.

حوزه‌یران 7, 2023 10:15
نەرمین مەعروف: چەند کاتژمێرێک ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا
1

لایک

نەرمین مەعروف، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە، “سەرۆکی لیژنەکە ئاماژەی پێداوە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر هەبێت بۆ لایەنەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر هەندێک لەو بڕگە و بابەتانەی لە ناو پرۆژە یاساکەدا ناکۆکییان لەسەرە، بۆیە کۆبونەوەی لیژنەکە نەکرا”.

ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، “لە هەمانکاتدا کارنامەی ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوکرایەوە کە دیاریکراوە بۆ دەنگدانی کۆتایی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە، ئەمەش مانای وایە لە ئێستاوە هەتا رۆژی پێنجشەممە چەند کاتژمێرێک ماوەتەوە لە بەردەم لیژنەی داراییدا بۆ ئەوەی دوا کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات لەسەر دوا گۆڕانکارییەکان کە لایەنەکان لەسەری ڕێکبکەون بۆ ئەوەی پرۆژە یاساکە ئامادە بکرێت بۆ ڕۆژی پێنجشەممە بۆ دەنگدانی کۆتایی”.

نەرمین مەعروف پێشبینی ئەوەی کرد دواجار لایەنە ناکۆکەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە بگەنە ڕێککەوتن و رایگەیاند، “هەر وەکو لە بناغەوە ئەم حکومەتەوە بە سازان پێکهاتووە بە هەمان شێوەش لە مەسەلەی پرۆژە یاسای بودجەدا هەر بەو سازانە لایەنەکان کارەکانی پەیوەست بە بودجە تەواو بکەن”.

باسی لەوەش کرد، “گفتوگۆکان بەردەوامیان هەیە و چاوەڕەوان دەکرێت هەتا ڕۆژی پێنجشەممەش بە هەمان شێوە بەردەوامبن، ئێمە ئومێد دەکەین بە شێوەیەک لە شێوەکان پێداچوونەوە بەو بڕگانە بکرێت کە ئەو گۆڕانکارییان تێدا کراوە و ڕەنگە مەترسییەک دروست بکات لەسەر بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە ئێستادا یاخود لە داهاتوودا و پێداچوونەوە بکرێتەوە بەو بڕگانەدا”.

ئاماژەی بەوەش دا، “بەشێکی ماددەکانی 13 و 14 کە لە ناو لیژنەی دارییدا دەنگی لەسەردراوە لە بنەڕەتدا هەرخۆی لە حکومەتەوە بەو شێوەیە هاتووە واتە هەموو بڕگەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتوە، بەڵکو بەشێکی بڕگەکان، ئومێد دەکەین لایەنەکان بگەنە سیغەیەک بۆ ئەو گۆڕانکارییانە کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی هەرێم نەگەیەنێت”.

یەکێک لەو بڕگانەی ناڕەزاییەتیەکەی لێکەوتەوە، بابەتی دانەوەی ڕێژەی لە 10%ی موچەی پاشەکەوتکراوی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمە، جەختیکردەوە کە ئەوان داکۆکی لە مانەوەی بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی موچە دەکەن کە لە ناو لیژنەی دارایی دەنگییان پێداوە.

وتیشی، “ئێمە وەکو یەکێتی کە خاوەنی پێشنیازەکەین و داکۆکی لەو پێشنیازەی خۆمان دەکەین کە لە ناو لیژنەی دارایی دەنگی لەسەردراوە و داکۆکی و پشتیوانیشی لێدەکەین بۆ ئەوەی لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا دەنگی پێبدرێت”.

نەرمین مەعروف رونیشیکردەوە، “لە کۆی ئەو شایستە داراییانەی بۆ هەرێم دیاریکراوە کە نزیکەی یەک تریلیۆن و 200 ملیار دینار دەبێت، بە ئاسانی دەتوانرێت لە هەندێک لە بڕگەکانی خەرجی بگوازرێتەوە بۆ سەر موچە و شایستەی فەرمانبەران، بەو شێوەیە حکومەت ئەو بڕە پارەیەی لەبەر دەستدا بێت بۆ ئەوەی ئەو پاشەکەوتە بە ڕێژەی 10% لە ماددەی پێشنیازکراو بدرێتەوە بۆ ساڵانی داهاتوش دەکەوێتەسەر بڕی ئەو داهاتەی کە بەردەست دەبێت و ئەو توانایەی کە لەبەر دەست حکومەت دەبێت بۆ گێڕانەوەی ئەو پاشەکەوتە ئیتر بە ڕێژەی زیاتر بێت یاخود کەمتر بێت ئەوەش دەکەوێتەوە سەر بودجەکانی ساڵی داهاتوو، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەکو یەکێتی پێداگری و داکۆکی لە ئەم مافەی فەرمانبەران دەکەین”.

خاڵێکی تری ناکۆکی ناو پرۆژە یاسای بودجە کە حکومەتی هەرێم بە لێدان لە هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی لە قەڵەمدا، ئەو بڕگەیە بوو، کە ئەگەر پارێزگایەک ناڕازی بو لە بەشە بودجەی خۆی ئەوا داوا لە حکومەتی ناوەندی عێراق بکات بۆ ناردنی بەشە بودجەی ئەو پارێزگایە ڕاستەوخۆ.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لە گفتوگۆکاندا ئەو بڕگەیە دەگۆڕێت؟ نەرمین مەعروف وتی، “نازانم گفتوگۆکان بەچی گەیشتوون، لە بنەڕەتدا ئەوەیە ڕەچاوی دادپەروەری بکرێت، ئەگەر هاتوو توانرا ئەو مەرجە بەدیبهێنرێت بەدڵنیاییەوە ناگەینە ئەوەی کە ناوچەیەک یان پارێزگایەک داوای ئەو بودجەیەی خۆی بکات ڕاستەخۆ لە بەغدا”.
.

En az 10 karakter gerekli