ئەمڕۆ هەینى 32هەمین لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە شانشینی عەرەبستانى سعودییە بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانى عەرەبى بەڕێوەدەچێت و گفتووگۆ لەسەر چەند دۆسیەیەکی پەیوەست بە وڵاتانی عەرەبیەوە دەکرێت لە ناویاندا دۆسیەی فەڵەستین و ململانێ چەکدارییەکانی سودان.
لە پێشهاتێکى گرنگدا لە جەددەی سعوودیە پێشوازییەکی شاهانە لە بەشار ئەسەد سەرۆکى سوریا کرا.
جێگری حاکمی مەککە و ئەحمەد ئەبو غەیت، سکرتێری کۆمکار و چەندین بەرپرسی باڵای سعوودی و عەرەبى لە پێشوازی ئەسەددا بوون.
ئێوارەى رۆژى پێنج شەممەش، ژمارەیەک لە سەرۆکانی وڵاتان گەیشتنە جەددە، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە.
هاوکات سەر لە بەیانى ئەمڕۆ هەینى، موحەممەد شیاع سوودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا، بە فڕۆکەیەکى تایبەتى سەرۆکایەتى، گەیشتە ریازى پایتەختى سعوودییە.
لە 32مین لووتکەی عەرەب، 32 پڕۆژە بڕیار لەلایەن وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکار بۆ تاوتوێکردن و پەسەند کردنیان ئامادە کراون.
ئەمە یەکەمین بەشداری کردنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریایە لە لوتکەی عەرەبی لە دوای ساڵی 2010 پێش هەڵگیرسانی شۆڕشی سوریا لە ساڵی 2011 و دوای سڕکردنی لە ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی بۆ ماوەى 12ساڵ.
لە رێکەوتی حەوتی ئایاری ئەمساڵ ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، لە دوای 12 ساڵ لە سڕ کردنی بڕیاریان داوە سوریا بگەرێننەوە بۆ نێو باوەشى کۆبوونەوەکانى کۆمکاری عەرەبی.
هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدمیر زیلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەڕێکەوتووە بۆ شاری جەددەی سعودیی بۆ ئەوەی بەشداری لە لوتکەی عەرەبی بکات.
ئاماژە بەوەشدراوە، سەرۆکی ئۆکرانیا لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لە ژاپۆنەوە بەرەو سعودییە بەڕێکەوتووە.
هاوکات، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەک نوێنەری کۆماری عێراق لە لوتکەی عەرەبی ئەمجارە لە سعودییە ئامادە دەبێت.