روونکردنەوەى ئاسایش و وتەبێژى لیستى یەکێتى لەبارەى شەڕەتەقەکەى هەولێر
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • روونکردنەوەى ئاسایش و وتەبێژى لیستى یەکێتى لەبارەى شەڕەتەقەکەى هەولێر

روونکردنەوەى ئاسایش و وتەبێژى لیستى یەکێتى لەبارەى شەڕەتەقەکەى هەولێر

تشرینی یه‌كه‌م 1, 2024 08:49
روونکردنەوەى ئاسایش و وتەبێژى لیستى یەکێتى لەبارەى شەڕەتەقەکەى هەولێر
0

لایک

لە مزگەوتی رەشاد موفتی لە هەولێر لە پرسەیەکدا شەڕە تەقە روویدا، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، پاسەوانانی شاڵاو کۆسرەت رەسوول هێرشیان کردووەتە سەر خاوەن پرسەکە، لەبەرامبەردا وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند پاسەوانەکانی قەهاری سابیر عەلکە، کە بەرپرسێکی سەربازی پارتییە تەقەیان کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30ی ئەیلوولی 2024 ، کاتێک شاڵاو کۆسرەت رەسوول دەچێتە پرسەیەک لە مزگەوتی رەشاد موفتی، گرژی روودەدات و شەڕە تەقەی بەدادا دێت و دوو کەس لە بنەماڵەی خاوەن پرسە بریندار دەبن.

پرسەکە هی ماڵی خزمێکی قەهاری سابیر عەلکەیە، کە لە کاتی شەڕی ناوخۆدا باوک و مامێکی قەهار لە شەڕی ناوخۆدا لە هەولێر کوژراون، وتەبێژی لیستی یەکێتی دەڵێت ماڵی کۆچکردوو خێزانێکی یەکێتین بۆیە شاڵاو کۆسرەت چووەتە پرسەکە.

ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “(شاڵاوی کۆسرەت رەسوول) بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی ئەو بنەماڵەیە سەردانی پرسەکەیانی کردووە، لەلایەن بنەماڵەی خاوەن پرسەکە پێیان گوتراوە کە پرسەکە بەجێبهڵێت و رەزامەندنەبوون لەسەر سەردانەکەی، چونکە لە رابردوو دا دوو کەسی خاوەن پرسەکە بەدەستی بنەماڵەی شاڵاو شەهید کراون، بەم هۆیەوە دەبێتە دەمەقاڵەیان”.

ئاسایشی هەولێر هەروەها دەڵێت: “پاسەوانەکانی شاڵاو بەبێ گوێدانە هیچ رێزێک بۆ حەرەمی مزگەوت و خاوەنی پرسەکە هێرشیان کردووەتەسەر خاوەنی پرسەکە و تەقەیەکی زۆریان کردووە. لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە گولـلەی پاسەوانەکانی شاڵاو بریندار کراوە، لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە یاسا سەروەرە و ئەو کەسانەی تەقەیان کردووە و لەم کارەنایاساییە بەشداربونە رووبەڕووی یاسا دەکرێنەو”.

لە بەرامبەردا وتەبێژی لیستی 129ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: “پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن”.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە “لەکاتی بەشداریکردنی شاڵاو کۆسرەت رەسوول لە پرسەی کۆچکردوو (تۆفیق حاجی حەمەکە) کە خانەوادەیەکی یەکێتین، کوڕێکی ( قەهاری سابیر عەلکە) لەناو مزگەوت قسەی نەشیاو دەکات، لە بەرامبەردا، لەپای رێزگرتن لە حەرەمی مزگەوت و نەریتی کۆمەڵایەتی و ئایینی میللەتەکەمان و خانەوادەی کۆچکردوو، شاڵاو کۆسرەت رەسوول وەڵامی ناداتەوە”. هەروەها هاتووە ” پاشان، پاسەوانەکانی قەهار، لەکاتی جێهێشتنی مزگەوت لەلایەن شاڵاو کۆسرەت رەسوول، لە ناو مزگەوتەکەدا تەقە دەکەن”.

En az 10 karakter gerekli