وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایدەگەیەنێت، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە پارێزگای دهۆک و هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە “سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی تەمووزی 2025، لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشێکی تیرۆرستی كرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسنگ، لە ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک.”
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنک “هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوەش کراوە “ئەم هێرشە دوای ئەو هێرشەی دوێنێ ئێوارەوە دێت کە لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە لە پارێزگای هەولێر (ئەربیل).”
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەم جۆرە هێرشانە بۆ سەر ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان – عێراق بە توندی سەرکۆنە و شەرمەزار دەکات.
لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ـی ئەمەریکی کە لەو کێڵگەیە کار دەکات، لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندووە و جەختی کردووەتەوە، هەموو ستافی کێڵگەکە سەلامەتن و تەنیا زیانی ماددی هەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 7:00ی بەیانی کراوە و لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممەش، 14ـی تەممووزی 2025، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە پارێزگای هەولێر (ئەربیل) کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.
1
دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكاتەوە
2
نێچیرڤان بارزانی: نابێت مووچە بکرێتە بارمتەی سیاسی
4
کۆنگرەی 14ـی پارتی؛ ناوی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی راگەیەندرا
5
لیستی هاوپەیمانی تورکمانی: لەناوبردنی سیستەمی کۆتا جێگای قەبوڵ نییە و هەڵوێستی توندمان دەبێت