عێراق بڕیاریدا بە راگرتنى ئەپڵیکەیشتنى تێلێگرام لە وڵاتەکە، بەپێى زانیارییەکانیش ئەم بڕیارە هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە و لە عێراقیش ئەستەمە جێبەجێ بکرێت.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى گواستنەوە و گەیاندنى هەرێم بە میدیاکانی راگەیاند:” ئەو بڕیارە پەیوەندى بە هەرێمەوە نییە و هەرێمى کوردستان ناگرێتەوە”.
وتیشى، ” ئەو بڕیارەى دەرچوە پەیوەندى بە زۆر پرسى ترەوە هەیە لەوانە قەدەغەکردنى پۆبجى و زۆر ئەپڵیکەیشنى دیکە، بەڵام ناتوانن کۆنتڕۆڵى بکەن و تەنها بانگەشەیە”.
جەختیشى کردەوە، دەرکردنى ئەو بڕیارە تەنها لەسەر کاغەزە و ناتوانن جێبەجێى بکەن، چونکە ئەوە پەیوەستە بە کۆمەڵێک هاوکێشەى سیاسى و بازرگانییەوە.